شارپرێس:
ئۆگستین ئالانیسی ئهمریكی لەدوای 191جار سەیرکردنی فیلمی " Avengers: Endgame" لەناو هۆڵەکانی سینەما، ناوی چووە ناو کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان.
ئالانیس لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتویتەر، وێنەیەکی لەپاڵ بڕوانامەی گینس بڵاوکردۆتەوە کە لەتەنیشتییەوە وێنەیەکی خۆی لەگەڵ ستافی فیلمەکە داناوەو لەسەری نووسیوە "من بەفەرمی کەسێکی سەرسووڕهێنەرم، بەهۆی زۆرترین جار سەیرکردنی یەک فیلمەوە خەڵاتی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکانم بەدەستهێنا".
هەروەک بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە لەپێگەی "گینس"دا بڵاوکراوەتەوە ئالانیس بەشێوەیەکی گەورە هەواداری کەسایەتیی ستیڤ ڕۆجەرز بووە، کەلەناو فیلمەکەدا ناسراوە بە"کاپتن ئهمریكا" کریس ئیڤانسی ئەکتەری ئهمریكایی بەرجەستەی دەکات.
ئالانیس بەستافی کتێبی گینسی ڕاگەیاندووە، ڕۆجەرز کەسایەتییەکە ژمارەیەکی زۆر لەو بەهایانەی تێدا بەرجەستە بووە کە بەلای ئەوەوە پیرۆزو ڕێزلێگیراون، وەک چاکەکاری، نەرمونیانیو بیرکردنەوە لەکەسانی تر بەرلەوەی بیر لەخۆی بکاتەوە.
ئەوەشی وتووە، قورسترین بەشی هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی ژمارەی پێوانییەکە ئەوەبووە کە ناچاربووە خۆی لەژیانی کۆمەڵایەتییو خێزانییەکەی داببڕێتو کەمتر سەردانی هۆڵەکانی وەرزش بکات، ئەوە جگە لەگونجاندنی کاتەکانی کارکردنی لەگەڵ ساتی نمایشکردنی فیلمەکە لەهۆڵەکانی سینەمادا.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی