شارپرێس:
بەگوێرەی ئەلێکسی ئەنتیبینکۆی پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دەمو ددان، ئەو هەویرانەی بۆ سپییکردنەوەی ددان لەفرۆشگاکان دەکڕدرێن ناتوانن کاریگەریی پێیوستیان هەبێتو ددانەکان سپیبکەنەوە، بەڵام دەکرێت لەڕێگای چارەسەرێکی میللییەوە ئەوکارە بکرێت.
ئەو پزیشکە بەکەناڵی "زڤیزدا"ی ڕووسی وتوه، "هەویری سپیکردنەوەی ددان کە لەفرۆشگاکان دەفرۆشرێن بەهیچ جۆرێک ددانەکان سپێی ناکەنەوە، بەڵکو تەنها ئەگەربێتو بەشێوەیەکی بەردەوام بەکاربهێنرێن، ئەوە لەدوای پاککردنەوەو شووشتنی ددانەکان لەلایەن پزیشکەوە، دەتوانن پارێزگاری لەو سپێتییە بکەن".
ئەنتیبینکۆ وتویەتی:"کاتێک پزیشک ددانەکانت بۆ دەشوات، ئەوە بۆئەوەی بۆماوەیەکی دوورودرێژ پارێزگاری لەسپێتییەکەیان بکات هەویری سپیکردنەوە بەکاردەهێنێت"، هۆشداریشیداوە، "بەکارهێنانی دووبارەی ئەو هەویرە دەبێتە هۆی نەمانی چینی مینای ددانەکان".
بهوتهى پزیشکەكه، "دەکرێت هەر لەماڵەوەو لەڕێگای چارەسەرێکی میلییەوە ددانەکان سپیی بکرێنەوە، ئەویش بریتییە لەتێکەڵکردنی گیراوەی لیمۆ لەگەڵ سۆدای نانو دواتر ڕێخشاندنی لەددانەکان، کە ئەمە دەبێتە هۆی لابردنی چینی سەرەوەی مینا".
لەهەمانکاتیشدا ئەنتیبینکۆ ئەوەشی وتووە، "ئەو چینە مینایەی لەڕێگای ئەو گیراوەوە لاچووە بەتێپەڕبوونی کاتو بەهۆی لیکی دەمەوە دروستدەبێتەوەو ددانەکان ڕەنگی زەرد دەگرنەوە".