بەڕێوەبەری کەشناسی هه‌ڵه‌بجه‌: وشکەساڵی لەهەڵەبجە ڕوینەداوە

کوردستان

13/04/2021‌ 439 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ هه‌ڵه‌بجه‌:

بەڕێوەبەری کەشناسی‌و بومەلەرزەزانیی هەڵەبجە ڕایده‌گه‌یه‌نێت، تائێستا ناتوانن بڵێن لەهەڵەبجە وشکەساڵیە، ئەگەرچی بڕی پێویست باران نەباریوە، بەڵام ده‌ڵێت:"وشکەساڵی لەهەڵەبجە ڕوینەداوە".


به‌گوێره‌ى ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی‌و بومەلەرزەزانیی هه‌ڵەبجه کە وێنەیەکی دەست شارپرێس کەوتوە ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، ڕێژەی بارانبارین لەهەڵەبجه ئەمساڵ 255 ملیمه‌، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو لەهەمانكات 473 ملیم بووه‌.

بەهادین هادی بەڕێوەبەری کەشناسی‌و بومەلەرزەزانیی هەڵەبجە بەشارپرێسی ڕاگەیاند، "تائێستا ناتوانین بڵێین لەهەڵەبجە وشکەساڵیە، ئەگەرچی بڕی پێویست باران نەباریوە، بەڵام وشکەساڵی لەهەڵەبجە ڕوینەداوە".

وتیشى:"ڕێژەی بارانبارینی گونجاو لەشاری هەڵەبجە بۆ هەر ساڵێک لەنێوان 650 بۆ 700 ملیم مه‌تردایه‌، بەڵام ئەمساڵ تائێستا نەگەیشتوەته نیوەی ئەو ئاستە".

به‌وته‌ى ئه‌و، "ڕێژەی بارانبارین لەهەریەکە لەشارۆچکەکانی (سیروان، خورماڵ‌و بیارە) بەشێکی شارەزوریش بەراورد بەساڵی ڕابردوو هاوشێوەی هەڵەبجە کەمترە لەنیوە".

ئه‌وه‌شى وت:"بەشێوەیەک تائێستا لەشارۆچکەی سیروان 274 ملیم بارانباریوە لەکاتێکدا، ساڵی ڕابردو ئه‌مكاته‌ 466 ملیم باریبوو، لەخورماڵیش ئەمساڵ 255 ملیم‌و ساڵی ڕابردوو 477 ملیم بارانباریوەو لەهەورامانیش ئەمساڵ 313 ملیم‌و ساڵی پار 622 ملیم بارانباریوە".

به‌وته‌ى ئه‌و به‌رپرسه‌ى كه‌شناسى، بەشێک لەجوتیارەکاتی هەڵەبجەو هەورامان پەنایان بردوەتەبەر ئاودانى دەغڵ‌و دانەکانیان لەبەر مەترسی لەناوچون.

ش.ئ