شارپرێس:
هەفتەی داهاتوو ئەوانەی خوازیاری کۆکردنەوەی کەلولەپی تایبەتو مێژوویین بۆ کڕینی سامپڵێ "دی ئێن ئەی" ناپلیۆن پۆناپارتی ئیمپراتۆری کۆچکردووی فەرەنسیی کێبڕکێ دەکەن، کە خۆی لەپارچە قوماشێکدا دەبینێتەوە کەلەکاتی توێکاریکردنی جەستەی ئەو ئیمپاراتۆرەدا خوێناویی بووە، وابڕیاریشە ئەو پارچە قوماشە لەیادی 200 ساڵەی کۆچی دوایی ناپلیۆنو لەزیادکردنێکی ئاشکرای مەزادخانەی ئۆزینا بفرۆشرێت.
ناپلیۆن پۆناپارت لەپێنجی ئایاری ساڵی 1821و لەتەمەنی 51 ساڵیدا لەدورگەی سانت هیلانە لەباشووری زەریای ئەتڵەسیی کۆچی دوایی کردووە، ئەویش دوای شەش ساڵ لەدوورخستنەوەی لەلایەن بەریتانییەکانەوە بۆ ئەو دوورگەیە لەدوای تێکشکانی لەشەڕی واترلۆ.
لەپێنجی ئەم مانگە مەزادخانەی ئۆزینا 360 پارچەی مێژوویی بۆ فرۆشتن نمایشدەکات، لەناویاندا چەند تاڵێک لەقژی ناپلیۆنو جووتێک گۆرەویی حەریری ناپلیۆنو کراسێکی درێژى ناپلیۆن کە بەخهتی سوور پیتی (ن ـ N)ى لەسەر نووسراوە.
و: ئاکۆ ئاڵی