یەکێتی دەیەوێت سەرکردایەتی هەنگاوێکی نوێ بکات‌و پارتیش زیاتر گوڕو تینی داوەتە خۆی

کوردستان

03/05/2021‌ 4928 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەڵبژاردنی داهاتوو، هەڵبژاردنێکی تەواو جیاواز

وردە وردە وێنەکان ڕون دەبنەوە، تەمی سەر دیمەنەکان دەڕەوێتەوە.

هێزەکان تەواوی توانای خۆیان بەگەڕخستوەو چاوەڕێی ئەنجامی باش دەکەن.

پارتی لەهەموان زیاتر گوڕو تینی داوەتە خۆیی‌و بانگەشەی زیادبوونی دەنگەکانی دەکات.

یەکێتی دەیەوێت سەرکردایەتی هەنگاوێکی نوێ بکات، چ بەهاوپەیمانی لەگەڵ گۆڕان چ بەڕێککەوتنی ژێر بەژێر لەگەڵ هێزەکانی تر.


لەکۆتا ڕۆژی مۆڵەتەکەی کۆمسیۆندا بۆ هێزو لایەنە سیاسیەکان، لەئێوارەیەکی درەنگدا ڕێککەوتنی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان بەدەرکەوت‌و لەکۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەناوی هاوپەیمانی کوردستانی تۆمارکرا، پێکەوەو بەیەکلیستی هاوبەش بڕیاریاندا بچنە ململانێی هەڵبژاردنەوە.

هەڵبژاردنێک کە بۆ یەکەمجارە بەسیستەمێکی نوێ ئەزمون دەکرێت‌و نازانرێت چارەنوسی کاندیدەکانی چۆن‌و چی دەبێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان بە 55 کاندیدەوەو لە 11 پارێزگای عێراق بەشداریدەکات‌و لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا بەرپرسی مەکتەبی هەلبژاردنی ئەو حزبە بەڕونی ئەوەیخستەڕوو، پارتی چاوی لەوەیە ژمارەی دەنگەکانی زیادبکات‌و کورسیەکانی زیاتربکات لەوەی ئێستا هەیەتی.

بەنمونە پارتی کە ئێستا لەهەولێری پایتەخت خاوەنی هه‌شت کورسی پەرلەمانییە، چاوی لەوەیە ئەو ژمارەیە بکاتە 10 کورسی‌و بۆ شارەکانی تریش بەهەمانشێوە.

پارتی لەپارێزگای سلێمانی بەپێنج کاندید بەشداریدەکات کە هەر پێنجیان ژنن‌و دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە لانی کەم ئەو کورسیە مسۆگەربکاتەوە کە ئێستا لەسنورەکە هەیەتی، چونکە چاودێرانی دۆخەکە پێیانوایە پارتی بەم سیستەمە نوێیە دەنگی پێویستی بۆ بردنەوەی کورسیی نییە.

یەکگرتویی ئیسلامی کە بەردەوام‌و بەدرێژایی مێژوەکەی ئافرەت ڕۆڵ‌و پێگەی دیارو جێی بڕیاری هەبوەو یەکەم هێزی سیاسی کوردستان بوە کە ژن لەمەکتەبی سیاسیدا هەبێت‌و ئەمکارەش هەمیشە جیێ شانازی پێوەکردنی ئەندام‌و کادرانی ئەو هێزە بوە، بەڵام ئەمجارە بەپێچەوانەوەو لەڕاگەیاندراوێکی مەکتەبی هەڵبژاردنی حزبەکەدا ئاماژە بەناوی کاندیدەکان کراو ناوی هیچ ژنێک لەڕیزبەندیەکەدا نەبوو کە ئەمە بوە جیێ سەرنج‌و پرسیاری چاودێران.

یەکێتی‌و گۆڕان هەریەکەو بەکاندیدای خۆیان‌و بەڕێکەوتنێکی سیاسی‌و هاوپەیمانێتیەکی نوێوە بەشداریدەکەن‌و بەپێی زانیاریەکانی شارپرێس، لەپشتی پەردەشەوە لەگەڵ هەردوو کۆمەڵ‌و یەکگرتوو ڕێککەوتوون بۆ ئەوەی لەبازنە جیاوازەکان کورسی بۆ یەکتر جیبهێڵن‌و هاوکاریی کاندیدەکانی یەکتر بکەن، بەنمونە لەپارێزگای دهۆک گۆڕان‌و کۆمەڵ کورسییەکان جێدەهێڵن بۆ یەکێتی‌و یەکگرتوی ئیسلامی‌و کاندیدیان نابێت، بەپێچەوانەوە لەپارێزگای کەرکوک یەکێتی‌و گۆڕان کاندیدیان دەبێت‌و یەکگرتوو کۆمەڵ دەنگەکانیان دەدەنە کاندیدەکانی ئەوان، ئەم هاوکێشەیە بۆ پارێزگاکانی هەولێرو سلێمانی‌و هەڵەبجەش بەهەمانشێوەیەو ڕێککەوتن‌و هەماهەنگی لەنێوانیاندا هەیە.

هەر لەدوای ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی کوردستان‌و پەسەندکردنی لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە بەشێکی زۆر لەچاودێران‌و کادیرانی پێشوی بزوتنەوەی گۆڕان کەوتنە تانەدان لەڕێککەوتنەکەو بەکردەیەکی خۆکوژیی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ناویان بردو وەک پاشەکشەیەکی یەکجاریی لەدروشم‌و کاری ڕابردویان پێناسەیان کرد، بەجۆرێک کە بەشێک لەوان پێیانوایە بزوتنەوەی گۆڕان لەپێناو کورسیەکانیدا هاوپەیمانی لەگەڵ هێزێک کردوە کە چەندین ساڵە تاوانباریدەکات بەگەندەڵی‌و دزیکردن‌و کاری نایاسایی‌و قاچاخچێتی، بەڵام ئێستاو لەپێناو پلەو پۆستدا هەموو ئەو قسانەی بیرچۆتەوە.

چاوەڕێدەکرێت بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارە بانگەشەیەکی توندو پڕ لەگرژیی بێت، چونکە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی خۆی سەرۆکایەتی لیستی هاوپەیمانی کوردستانی دەکات کە بەردەوام هێرش‌و لێدوانی توندی بۆ پاتی هەبوەو ئێستاش وەک تاکە نەیاری سیاسی دەچنە ململانێی هەڵبژاردنەوە.

پارتیش ئەوەی ڕاگەیاند، بەهیچ جۆرێک ساختەکاریی لەهەڵبژاردنەکە قبوڵناکەن، ئەمە وێڕای ئەوەی کە لەڕابردودا پارتی هاوشانی یەکێتی بەئەنجامدانی ساختەکاریی ناودەبران.

ژمارەیەک کەسایەتی سەربەخۆ خۆیان کاندیدکردوەو کاردەکەن بۆ ئەوەی کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن، بەڵام شارەزایان‌و ئاگادارانی دۆخی سیاسی پێیانوایە، لەم ڕێککەوتنانەی هێزە سیاسیەکان‌و بەوجۆرەی کە شەقام‌و دەنگی ناڕازیی هێندە پەرتەوازەیە، ئەگەری بەدەستهێنانی کورسی لەلایەن سەربەخۆکانەوە دەبێتە کارێکی مەحاڵ‌و ئەگەر کورسیش بەدەستبهێنن پێناچێت هێندەی پەنجەکانی یەک دەست، کورسی بەدەستبهێنن.

ئەو پەرلەمانتارانەی ماوەی دووساڵە وەک گروپی 15 ناسراون‌و لەمدواییەدا هاوپەیمانی هیوایان دروستکردو چاوەکان لەسەر ئەوەبوون بتوانن پێکەوە ببنە کاراکتەرێکی بەهێزی هەڵبژاردنەکە، بەڵام سەرەنجام ئەوانیش پەرتەوازەبوون‌و بەشێکیان لەچوارچێوەی حزبەکانیان‌و چەند کەسێکیشیان بەسەربەخۆ خۆیان کاندیدکردوە.

ئێستاو دوای دەرکەوتنی لیست‌و کاندیدەکان، کوردستان لەچاوەڕوانیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدایەو چەند مانگی داهاتوو پێدەچێت هەروەک چۆن چەند مانگی بەڵێن‌و قسەی بریقەداری حزب‌و کاندیدەکان دەبێت، بەهەمانشێوەش بەریەککەوتن‌و گرژیی‌و بانگەشەی توند لەنێوان جەمسەرە جیاوازەکانی لیستەکاندا بێتە ئاراوە.