کۆمارییەکان دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ ڕێککەوتنی ئێران‌و ئیدارەی بایدن دروستبکەن

جیهان

04/05/2021‌ 767 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری "پۆلۆتیکۆ"ی ئەمریکی، لەکاتێکدا واشنتۆن گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران ئەنجامدەدات بەمەبەستی زیندوکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ناوەکیی، کۆنگریسمانە کۆمارییەکان بەدوای ستراتیژێکدا دەگەڕێن بۆئەوەی ئیدارەی بایدن لەسەرلەنوێ زیندوکردنەوەی ڕێککەوتنەکە ساردبکەنەوە.


گۆڤارەکە دەڵێت:"کۆمارییەکان دەیانەوێت هەربەڵێنێک لەئیدارەی بایدن لەبارەی ڕێککەوتنی ناوەکی بەتارانی دەدات لەباری بەرن، بەتایبەت ئەگەربێت‌و ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ ئێران نەکرێت‌و تێیدا باس لەچارەسەرکردنی پرسی پشتیوانیکردنی تاران لەتیرۆرو کارو کردەوەکانی تری ئەو وڵاتە نەکات".

ڕاپۆرتەکە دەڵێت، "ئاستەنگ‌و مەترسییەکان سەبارەت بەدوبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ناوەکیی لەناو هەردوو پارتی کۆماریی‌و دیموکراتیشدا ڕووی لەزیادبوون کردووە، بەشێوەیەک خودی کۆنگرێسمانە دیموکراتەکان ترسیان هەیە بایدن سازش بۆ ئێرانییەکان بکات، کە ئەمەش وادەکات هەوڵەکان بەئاراستەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران قورستربێت".

بۆئەو مەبەستە ئەندامە کۆمارییەکان دەیانەوێت یاسایەک  بۆ ڕێگریکردن لەزیندوکردنەوەی ڕێکەوتننامەی ناوەکیی بەکاربهێنن کە لەساڵی 2015 بەناوی "یاسای پێداچوونەوە بەڕێککەوتننامەی ناوەکیی لەگەڵ ئێران" دەرچووەو دەیانەوێت لەوڕێگایەوە ئەو سزایانە وەک خۆی لەسەر تاران بمێنێتەوە کە ئیدارەی پێشوو لەدوای پاشەکشەکردن لەڕێککەوتننامەی ناوەکیی بەسەر تاراندا سەپاندوویەتی.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت:"هاوپەیمانەکانی بایدن لەناو کۆنگرێسدا وایدەبینن کە ئەو زیانەی ترەمپ بەڕێککەوتننامەی ناوەکیی گەیاندووە، ئەرکی زیندووکردنەوەی لەبەردەم بایدن سەختکردووە، بەڵام دەشڵێن هیچ بوارێکی تر نییە سەرەتا دەبێت بۆ ڕێککەوتنی ساڵی 2015 بگەڕێینەوە دواتر باس لەچالاکییە ناناوەکییەکان بکرێت.

لەوبارەیەوە سیناتۆری دیموکراتیی کریس مۆرفی باسی لەوەکردووە، سووربوون لەسەر ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ ئێران پێش گەڕانەوە بۆ رێککەوتننامەی ناوەکی ساڵی 2015 واتای ڕاگەیاندنی مردنی ڕێککەوتنەکەیە، وتوشیەتی هەموو لایەک هاوران لەسەرئەوەی دەبێت هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاران بابەتی پشتیوانیکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان‌و بەرنامەی خۆپڕچەککردن بەمووشەکی بالیستی‌و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەخۆبگرێت.

و: ئاکۆ ئاڵی