ململانێی ئامۆزاکان بەچی دەگات؟
یەکێتی‌و گۆڕان‌و ئیسلامیەکان چی دەڵێن؟

ڕاپۆرت

05/05/2021‌ 3591 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ـ بنه‌ما سەرەکییەکانی هەر دەوڵەتێک دیاریدەکات‌و ڕۆڵی گەورەی لەدروستکردنی کۆدەنگیی‌و سەقامگیری سیاسیدا هەیە، بەشدارێکی سەرەکییە لەگەشەکردنی وڵاتدا....

ـ ‎بەدایکی یاساکان ناودەبرێت‌و دەبێت لەسەرەوەی یاساکانی وڵاتیشەوە بێت.....
‎

ـ مافە سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و گشتییەکان دیاریدەکات‌و ڕەنگڕێژی ئازادییە گشتییەکانیش دەکات‌و ڕۆڵی گەورەی دەبێت لەبونیادنانی هەر وڵاتێک لەهەموو ڕویەکەوە..

دەستور... ئەو بنەمایەی کە لە دوای زیاتر لە٣٠ ساڵ لەبوونی پەرلەمان‌و حکومەت‌و قەوارەیەکی یاسایی‌و سیاسی لەهەرێمی کوردستان، کەچی کورد هیشتا نەبووەتە خاوەنی‌و ئێستا سەرۆکی هەرێم دەیەوێت کورد بکاتە خاوەنی....

 
‎ڕۆژی سێشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە شاری سلێمانی‌و لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوەوە، پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێم لەسلێمانی بابەتی دەستووری هەرێمی کوردستانە، هەروەک چۆن ڕۆژێک پێشتر لەگەڵ یەکگرتوی ئیسلامی‌و کۆمەڵی دادگەریی بۆ هەمان بابەت کە دەستورە کۆبوەوە، چەندین ساڵە لەنێو ڕەفەی حزبەکان دانراوەو تۆزی لەسەر نیشتووە، بەرلەوەی باسێک لەجوڵە سیاسییەکەی نێچیرڤان بارزانی بکەین، سەرنجڕادەکێشین بۆ بابەتێک کە هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانیدا ڕوویدا، ئەویش پەسەندکردنی سزادانی چالاکوانان‌و ڕۆژنامەنووسانی بادینان بوو لەوکاتەی نێچیرڤان بارزانی لەکۆبوونەوەدابوو، چاودێرانیش پێیانوایە، بۆشایی نەبونی دەستور وایکردوە چەندین کاری ‌هاوشێوەی سزادانی دەستگیرکراوانی بادینان هەبن.

‎هەوڵەکانی دانانی دەستورێک بۆ هەرێم لەڕابردودا....
‎لە25-09-2009 پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەی دەستووری هەرێمی پەسندکرد، بەڵام بەهۆی نەبوونی کۆدەنگی، پرسی دەنگدان لەسەر دەستوور لەنێو هاوڵاتیاندا بەهەڵپەسێردراوی مایەوە، دواتریش لەئایاری 2015داو بەبڕیاری پەرلەمانی كوردستان، لیژنەیەکی 21 کەسی حیزبەکان بەناوی "لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان" دەستبەکاربوو.
 
‎لەم خولەی سەرۆکایەتییەکانی هەرێم‌و حکومەت کێبڕکێ هەیە بۆ ئەوەی هەریەکە لەنێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی، ئەو پڕۆژەیاسایانە تێپەڕێنن کە ڕەهەندی نیشتمانیی هەیە، ساڵی ڕابردوو مەسرور بارزانی حکومەتەکەی ڕاسپارد دوای حه‌وت ساڵ لەنەبوونی بودجەی هەرێم، بودجەی گشتی ئامادەبکرێت، ئەوەش وەک پەیامێک بۆ نێچیرڤان بارزانی لێکدەدرێتەوە کە ئەوەی ئەو نەیتوانی لەو حەوت ساڵەی ڕابردوو بیکات‌و هەرێمی کوردستان بکاتە خاوەنی بودجەی خۆی، مەسرور بارزانی دەتوانێت بیکات.

‎لەبەرامبەریشدا نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت پەیامی ئەوە بداتە نێوخۆی پارتی‌و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتیش کە هەرێمی کوردستان لەماوەی سەرۆکایەتی ئەودا دەێتە خاوەنی دەستووری خۆی، بەتایبەت ئەگەر نێچیرڤان بارزانی خواستی خۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق هەبێت، پڕۆژەیاسای دەستوور دەبێتە دوا هەل بۆئەوەی شوێنپەنجەی خۆی لەماوەی سەرۆکایەتیەکەی جێبهێڵێت.
 
‎پڕۆژەیاسای دەستوور چۆن ئامادە دەکرێت بۆ دەنگدان؟
‎بەپێی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2015، لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور 90 ڕۆژ کاتی هەیە بۆئەوەی پڕۆژەی دەستوور بۆ دەنگدان ئامادەبکات، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەوکارە لەو ماوەیەدا تەواوبکات، کاتەکەی بۆ درێژدەکرێتەوە، دواتر دەبێت ئەو پڕۆژەیە لەپەرلەمان بەدەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامان پەسندبكرێت.

‎بەوپێیە بێت نێچیرڤان بارزانی تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەکاتێکی زۆر نە کەمی لەبەردەستدایە، بەڵکو ئەوکاتەی کە ماوەو نزیکەی پێنج مانگە، بەشی ڕازیکردنی لایەنە سیاسییەکان ناکات، کە هەمووان دەنگ لەسەر دەستوورێک بدەن کە پارتی دەیەوێت زۆرترین هێڵی گشتیی دەستوورەکە دابڕێژێت
 
‎یەكێتی، گۆڕان‌و ئیسلامییەکان چیان دەوێت؟
‎هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی دەیانەوێت داواکارییەکانیان لەپڕۆژەیاسای دەستووردا جێگیر بکەن، ئیسلامیەکان دەیانەوێت سەرچاوەی یاسادانان لەنێو دەستووردا گەڕانەوە بێت بۆ ئاینی ئیسلام، بەڵام یەکێتی‌و گۆڕان دژی ئەو خواستەن، لەبەرامبەردا پارتی دەیەوێت بەتیرێک دوو نیشانە بپێکێت، واتا هەم دەستوورێک بێت ئاینی ئیسلام بەشێکی گرنگی یاسا دانانەکەی بێت، هەم لەجێبەجێکردنی یاساکاندا ڕەچاوی حوکمی مەدەنی بکرێت.

‎ئەم هەوڵانە هەرچی بن‌و هەرچۆن بن، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە هەرێمی کوردستان زیاتر لە30 ساڵە لەبۆشایی نەبوونی دەستورێکدا دەژی‌و چەندین ڕوداوی سیاسی گەورە لەنەبوونی دەستوردا قوڵبونەتەوەو بەشێکی زۆر لەکێشەکان بەچارەسەرنەکراوی ماونەتەوە.

‎دیاریش نییە هەوڵەکانی ئەمجارەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەکان، هەرێمی کوردستان دەکاتە خاوەنی دەستور، یان تەنها لەچوارچێوەی ململانێی سیاسیدا دەیهێڵێتەوەو بۆشایی نەبوونی دەستور لەهەرێم بەردەوامدەبێت؟

بەپەلە