ئیدارەی بایدن یەکەم بریاری دژ بە رۆژئاوای کوردستان دەرکرد

کوردستان

28/05/2021‌ 5981 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان
بەگوێرەی ئاژانسی "ئەسۆشیەیتد پرێس" کە پشتی بە سەرچاوەیەکی ئاگادار بەستووە، ئیدارەی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیای نەوتیی " دەلتا کرێست ئینێرجی" هەڵوەشاندۆتەوە کە لەسەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا بەمەبەستی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی رۆژئاوای کوردستان مۆڵەتی پێدرابوو.

 
ئەو سەرچاوەیە کە داوای کردووە ناوەکەی ئاشکرا نەکرێت بە ئەسۆشیەیتد پرێسی وتووە : ئیدارەی بایدن مۆڵەتی کارکردنی بۆ کۆمپانیا ئەمەریکییەکە نوێ نەکردۆتەوە تاوەکو لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی خۆسەر کاربکات، بەمەبەستی نۆژەنکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ناوچەکە.

سەرچاوەکە روونیکردۆتەوە کە پارێزگاریکردن لە بەرهەمهێنانی نەوت چیتر بەشێک نییە لە سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەسەردەمی ئیدارەی بایدندا، بەوپێیەی بایدن وایدەبینێت کە بەکارهێنانی سوپای ئەمەریکا بۆ ئاسانکاریکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی سوریا کارێکی شیاو نییە.

بەگوێرەی یاسای قەیسەر، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕێگە بە کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان نادات لەناو سوریادا کاری بازرگانیی بکەن، بەڵام لەمانگی نیسانی رابردوودا، ئیدارەی ترەمپ دوای راگەیاندنی خواستی واشنتۆن بۆ مانەوەی بەشێک لە هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە سوریا، کۆمپانیا نەوتییەکەی ئەمەریکای لە سزاکان بەخشی و مۆڵەتی کارکردنی لە رۆژئاوای کوردستان پێدا.

کۆمپانیای "دەلتا کرێست ئینێرجی" لەساڵی 2019 لەلایەن جەیمس کاین کە ئەفسەرێکی خانەنشینە لە هێزی دەلتای سوپای ئەمەریکا و جۆن دۆرییە جۆنیۆر بەرپرسی جێبەجێکردنی پێشووی کۆمپانیای "گەڵف ساند پەتریلیۆم" ەوە دامەزراوە و بارەگاکەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی