چین: دۆزینەوەیەکی دەگمەنی دایناسۆرێکی زەبەلاح

هەمەڕەنگ

09/06/2021‌ 239 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی، زانا شوێنەوارناسەکان لەباشووری چین، ئێستکەپەیکەری دایناسۆرێکی بەبەردبووی زەبەلاحیان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ 180 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوەو لە70%ى ئێسکە پەیکەرەکە وەک خۆی‌و بەساغی ماوەتەوە.

زاناکان ئاماژەیان بەوەکردووە، ئێسکە پەیکەرەکە هی دایناسۆری جۆری جۆراسی زەبەلاحەو گومان دبرێت درێژییەکەی نزیکی هەشت مەتر بووبێت.

وانگ تاو سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەو پاراستنی بەبەردبووەکان لەشاری لۆفینگی چین دەڵێت:"دۆزینەوەی ئەو جۆرە ئێسکەپەیکەرە بەبەردبووەی دایناسۆرەکان، لەهەموو جیهاندا بەبەدۆزینەوەیەکی زۆر دەگمەن هەژمار دەکرێن".

تاو ئێسکە پەیکەرە بەبەردبووەکە بەگەنجینەیەکی نیشتیمانیی وەسفدەکات‌و ئومێدیشی وایە تیمی هەڵکۆڵینەوەکە بەسەرکەوتوویی ئێسکە پەیکەرەکە رزگاربکەن، لەبەرئەوەی لەجێگایەک دۆزراوەتەوە کە بەهۆی داخورانی زەوییەوە مەترسیی لەسەرە.

لەماوەکانی رابردووی ساڵی 2021یشدا زاناکان ئێسکە پەیکەری دایناسۆرێکی بچووکیان لەهەمان ناوچەی شاری لۆفینگ لەباشوری چین دۆزییەوە، بەڵام دۆزینەوەکەی ئەمجارە بەلای زانا شوێنەوارناسەکانەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، لەبەرئەوەی جۆری دایناسۆرەکە لەگەڵ هیچکام لەجۆرە ناسراوەکانی دایناسۆرەکان ناچێت.

و: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە