ئەمڕۆ؛ ٢٠٢١/٦/١٠ یادی (٥١)ەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان)ە ؛ ئەو ڕێکخراوەی کە مێژووی سیاسیی کوردی جوان و پرشنگدار کرد، با
کۆمەڵە هەر بە تەنها ڕێبازێکی ئایدیۆلۆژیی نوێ و ڕێکخراوێکی سیاسیی تازە و هێزێکی شۆڕشگێڕی چەکداری دوای هەرەس نەبوو ، کۆمەڵە هەژانی تاڤگەیەکی ژانگرتووی پایزێکی وەیشوومە و شەختە زستانی شاخێکی سەختی پڕ لەهەوراز بوو ؛ بۆ بووژانەوەی ڕووبارێکی نوێی سازگار و پاک ، سەرهەڵدانەکەی ڕووداوێکی گەورەی ڕچەشکێن بوو ، وێستگەیەکی گرنگی وەرچەرخان و ئاراستەیەکی بەهێزی مۆدێرنە و مەشخەڵێک بوو ؛ بۆ درەوشانەوەی بیری نوێی پێشکەوتنخوازیی
ئاراستەی کارکردنی کۆمەڵە ؛ ڕێنیسانسێکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی بوو ، بۆ نوێبوونەوەی تێزی ئایدیۆلۆژیی و داهێنانی ڕێبازی تازەی شۆڕشگێڕیی و مۆدێلی کاری سیاسیی هاوچەرخ !
کۆمەڵە؛ هێزی هیوا و جیهانبینی گۆڕانی ڕادیکاڵیی بوو
هێزی تۆمارکردنی مێژوویەکی تازەی جیاوازتر بوو ، هێزی چین و توێژی نوێی پەراوێزخراوی ناو کۆمەڵگە بوو
زەنگی ڕاچڵەکینی نەوەی نوێ و وەرچەرخانی کۆمەڵایەتیی بوو ، ئامرازی بەرەنگاربوونەوەی هەژموون و باڵادەستیی ؛ چین و توێژە کۆمەڵایەتیی و سیاسییە کلاسیک و کۆنەپارێز و تەقلیدییەکان بوو !
کۆمەڵە هێزی فریادڕەس و هێزی ئامادەی دوای شکست و هەستانەوە بوو
کۆمەڵە هێزی بزواندنی ورەی نەپساوە و ئیرادەی تۆکمەی یاخییبوونی ڕەوا بوو ، هێزی توانەوەی بەستەڵەکی نائومێدیی و ڕەشبینییەکی ترسناک بوو !
کۆمەڵە خوێندنگە بوو ؛ بۆ بنیاتنانی ئیرادە و تین و وزەی نوێ ، کێڵگەیەکی فێرکاریی بوو ؛ بۆ مووتووربە و بەئەزموونکردنی ئامراز و ڕێباز و نەریتی نوێ ،
سەرگووزشتە و حیکایەتەکانی کۆمەڵە ؛ یاداشت و تۆماری مێژوویەکی تازە بوو ، لەقۆناغێکی پڕ لەسیمبولی بەهای مرۆیی و مەعنەویی ؛ سیخناخ لەداهێنان و جوانیی و سەرکێشیی !
کۆمەڵە سیمفۆنیایەکی تووڕە بوو ؛ بۆ جۆشدان و خرۆشان ، تیایدا سروودەکانی ؛ (هۆ کاکی پێشمەرگە) و (ڕێی خەبات) و (ئاسوودە بن)ی لەگوێکاندا ئەزرنگانەوە ، هەمان ئەو سروودانە ، وەکو کەڕەنای ؛ ئەچوون بە گوێی دوژمناندا ، کاسی ئەکردن و ئۆقرەی ئارامیی لێ ئەبڕین !
کۆمەڵە تەلاری ئەو دیوارە ئارامبەخشانەی شەوانەی شار بوو ؛ کە پەیام و پۆستەری شەهید و دروشمە تۆقێنەرەکانی پیا هەڵئەواسرا و لەسەری ئەنووسرا
زێد و لانکەی کۆمەڵە ؛ گۆڕستانێکی پان و بەرینی بێ پەرژین بوو ؛ تیایدا کۆمەڵە لەگەڵ هەموو ژیانبەخشە سیمبوڵیی و کەم ژیانیی و کەڵ ژیانییەکان؛ ئامێزانی یەکتر بوو بوون ، ئەدەبیاتەکەی کۆمەڵەش ؛ دیوانە شیعرێک بوو ؛ بۆ کۆکردنەوەی شیعرەکانی (شێرکۆ) و (مەلاعەلی) و (جەمیل ڕەنجبەر) و بە کۆڵی ڕێبوارانی کاروانەکەوە بوو !
هەموو ئەمانەش لەلای کۆمەڵە ؛ لەسۆنگەی بنەمای جیاوازتر ، لەوانی تر بەرجەستە ئەبوو ؛ ئەو جیاوازییانەی ئیرادە و هیوا ، دروستی کرد و قۆناغ وای خواست ، هەرە جیاوازیی گرنگیش ؛ بریتیی بوو لەسەلماندنی مەرگدۆستیی بەکردار ، لەپێناو ژیاندۆستیی بۆ ئەوانی تر !
بەڵام ئەفسووس کۆمەڵە لەدوا هەناسەیدا ؛ بووە قۆچی قووربانیی و زەمەن وەرچەرخا ؛ بەرەو قۆناغی ڕەفتاری دوور لەناوەرۆک و خەسڵەت و ئاکار و پەیامەکانی پێشووی کۆمەڵە ، ئەویش قۆناغی داماڵینی دەمامکی شاراوەی بەشێک لە بەناو فیگەر و کارەکتەرە دیارەکان ؛ ئەوانەی نمایشکار و خاوەن پەیامی ڕازاوە و قسەی زل و بریقەدار بوون ، فوو لەخۆتێکەر و بەزۆر خۆ بەسیمبولکەر و خۆ بە قارەمانکەر بوون ، بەسەر خوێنی ڕژاو و جەستەی شەقار و گۆڕی شەهیدی کێل شکێندراو و دار و پەردووی سووتماک و ڕووخاوی نیشتماندا، بێ سڵەمینەوە بەرەو هێنانەدی حەز و ئارەزووە تێرنەبووەکان و دەستەبەرکردنی ویست و دامرکانەوەی غەریزە تایبەتییەکانیان هەنگاویان ئەنا ، ئەو هەنگاوانەی کە بووە هۆی، هەڵدانەوە و دەرکەوتنی ڕووی ڕاستەقینەی فرە مۆڕاڵیی و خۆپەرستیی و نێرجسییەت و ناخ و دەروونی ڕەش و بۆش و خاڵییان؛ لەبەهای مرۆیی و بێ ویژدانیی!.
نیاز سەعید عەلی