وەزارەتی ناوخۆ: بەهۆی پەكەكەوە گوندە سنوریەكان چۆڵكراون و زیانی زۆریان پێگەیشتووە

کوردستان

10/06/2021‌ 602 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس


وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم راگەیەنراوێكی لەسەر چالاكییەكانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و رایگەیاند: بەھۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە سەدان گوند و ئاوایی ناوچە سنووریەکان چۆلکراون و زیانێکی زۆری ماددی بەر هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە کەوتووە، رێگا نادەین لە ژێر هیچ بیانوویەک و لە ژێرناوی هیچ گرووپێک ، ئەم سەقامگیریە تێک بدرێت.


لە سەرەتای راگەیەنراوەكەدا وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) بەوە تۆمەتباردەكات كە چەندینجار پەلاماری ھێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانیان داوە و چەندین ئەفسەر وپێشمەرگەیان شەھید و بریندار کردووە و ھەموو ھەوڵیان بۆ تێکدانی ئارامی وئاسایشی هەرێمی کوردستانە.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە: چەندین ساڵە بەھۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە سەدان گوند و ئاوایی ناوچە سنووریەکان چۆلکراون و زیانێکی زۆری ماددی بەر هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە کەوتووە، هاوکات بەردەوام ھەوڵی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و دروستکردنی پشێوی و نا ئارامیان لە ناو هەرێم داوە ، ئەویش بە ڕێگای جۆراوجۆر لەوانە لەم ڕۆژانەدا وەک بەشێک لە پیلانەکانیان لە دژی ھەرێم و بە ھاوکاری دەستێکی ناوخۆیی، چەندین ھاووڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردووە بۆ ناو هەرێم بۆ بە کارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناو هەرێم لە ژێر ناوی گرووپی بەناو ئاشتی و ئازادی.

وەزارەتی ناوۆی حكومەتی هەرێم هۆشداری دەدات لەوەی ئارامی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و هەولێر هێڵی سوورە، جەختدەكاتەوە، كە رێگا نادەن لە ژێر هیچ بیانوویەک و لە ژێرناوی هیچ گرووپێک، ئەم سەقامگیریە تێک بدرێت.

لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: داوا لەو گرووپانەی بە ناو ئاشتی وئازادی دەکەن خۆیان نەکەنە ئامرازێک بۆ تێکدانی باری ئەمنیی هەرێم،  ئەگەر بە ڕاستیش نیازیان ئاشتی وئارامییە، با ڕووی قسەکانیان ئاراستەی قەندیل بکەن چونکە شەڕانگێزی ونائارامی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، پێویستە ئەو گرووپانە داوا لە پەکەکە بکەن چیتر دەست نەخاتە ناو کاروبارەکانی هەرێمی کوردستان وسنوورێک بۆ شەڕفرۆشییەکانیان و دژایەتی خەڵکی ئاشتیخوازی هەرێمی کوردستان دابنێن.

راگەیەنراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ لەكاتێكدایە، دوێنێ، شاندی ئاشتی‌و بەرگری لەکوردستان كه‌ پێكهاتون له‌کەسایەتی زانستی‌و ڕۆشنبیریی‌و نوسەرو خاوەن خەڵاتی نۆبڵ‌و پەرلەمانتارو ژماره‌یه‌كى زۆریش له‌وان خەڵکی ئەوروپی بڕیاربوو كاتژمێر 10ى به‌یانى له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان وه‌ك ناڕه‌زایی له‌به‌رامبه‌ر داگیركاریه‌كانى توركیا كۆببنه‌وه‌، به‌ڵام هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ڕێگەیاننەدان گردبونەوەكە ئەنجامبدەن.