بافڵ تاڵەبانى لە بەغدا چیکرد؟
یەکێتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بەرەی ئێراندایە

ڕاپۆرت

16/06/2021‌ 2652 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەوەی حزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان نەیانتوانی لەژێر چەتری یەک هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆببنەوە، سەرئەنجام یەکێتی و پارتی هەریەکە و بە جیا، ڕێی هاوپەیمانێتی خۆی گرتەبەر و یەکێتی بە ئاڕاستەی حزبە شیعەکانی نزیک لە ئێران و پارتیش بە ئاڕاستەی ڕەوتی سەدر هەنگاوی نا، واتە هەریەکەیان گوریسەکە بۆ سەرێک رادەکێشێت... ئەمە دەربرێن و دەستەواژەی ڕۆژنامەی عەرەبی چاپی لەندەنە لەسەر چۆنێتی بەشداریی پارتی و یەکێتی لە هەڵبژاردنی داهاتوو.

هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق بە تەواوکاریی پلانی حوکمرانی ئێران ناودەبرێت و چاودێران پێیان وایە ئێران لە ئیستادا سەرقاڵی دارشتنی نەخشەی حوکمرانی عێراقە بۆ چوار ساڵی داهاتوو بە جۆرێک کە هیچ ڕوداوێک لە دەرەوەی خواستی خۆی ڕونەدات.

بۆ ئەمەش ئێران پێویستی بە یەکخستنی هەموو ئەو هێزانەیە کە لەسەر ئەو ئەژمار دەکرێن و لە ژێر هەیمەنەی سیاسی ئەودا کار دەکەن، ئێران هەوڵی جدی دەدات بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتی و چەتری کۆکەرەوەی هێزە نزیکەکان لە خۆی لە کورد و عەرەبە شیعەکان.

هەفتەی ڕابردو یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی دەستی بە جموجوڵێکی سیاسی لە شاری بەغدا کرد.... تاڵەبانی کوڕ سەردانی زۆرینەی لایەنە سیاسییە دیارەکانی عێراق بەتایبەت هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتی هادی عامری و دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالکی کرد، کە دوو لایەنی نزیک لە ئێرانن، چاودێرانیش دەڵێن تاڵەبانی نەخشەی هاوپەیمانێتییەکی نوێی کێشاوە کە پێدەچیت زیاتر مەیلی بەلای ئێراندا هەبێت تا هەر کەسی تر.

ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لەمیانی لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، بە ڕوونی دیدی حزبەکەی بۆ هاوپەیمانێتی نیشاندا و وتی "فەتح نزیکترین لایەنە لە یەکێتییەوە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتی دوای هەڵبژاردن"

ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسییەوە ئەوەی ئاشکراکردووە "جوڵە سیاسییەکەی یەکێتی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی جوڵە سیاسییەکەی پارتییە کە ئەوەی دووەمیان بە ئاڕاستەی سەدر و مستەفا کازمیە، هاوکات یەکێتی وەک هاوبەشێکی ستراتیژی ئێران، ناچارە لە فەتح نزیک ببێتەوە
هەروڵەکان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتی لەگەل لایەنە شعییەکان لە لایەن پارتی و یەکێتییەوە لە کاتێکدایە هیچکامیان نەیانتوانیوە هەنگاوی لێک نزیکبونەوە لە نێوخۆدا بنێن  وێرای خواستی شەقام و داوای چاودێران بۆ یەکریزی و یەکگوتاریی هێزە کوردیەکان و بانگەشەی خۆیان بۆ یەکریزی و پێکەوە کارکردن.

نوری مالکی، سەرۆکی حزبی دەعوە لەپاش کۆبوونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی وتی "هاوپەیمانێتییەکی مێژووییمان لەگەڵ یەکێتی هەر لە سەردەمی مام جەلالەوە هەیە، ئێستا و بۆ دوای هەڵبژاردنیش گەشبینین" بەو پێیە بێت لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران یەکلابوونەتەوە لەوەی یەکێتی بۆ دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانیانە و بە پێی ئەو زانیاریانەی لای شارپرێسە ئێران رۆڵی هەبوە لە نزیک کردنەوەی یەکێتی و هێزە شیعەکانی نزیک لە خۆی.

هەرچەندە پارتی و یەکێتی بڕیارنداوە لەگەڵ شیعە ببنە هاوپەیمان، بەڵام ڕایەک هەیە پێیوایە ئەو هاوپەیمانێتییە هیچ لە دۆخی ناکۆکیی و ململانێی نێوخۆیی شیعەکان ناگۆڕێت، بەڵام ڕەنگە هەنگاوێکی نوێ بێت بۆ یەکلاکردنەوەی هێزی هەریەکە لە پارتی و یەکێتی.

بەرلەوەی پارتی لەگەڵ سەدرییەکان لەسەر دروستکردنی هاوپەیمانێتی یەکلاببێتەوە، چەندین مانگ پارتی و سەدرییەکان لە دانوستانی بەردەوامدا بوون، بەگوێرەی وتەی سەرچاوەکانی نزیک لە سەدرییەکان، مەرجی پارتی بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ڕەوتی سەدرو ئەوە ئێستاش یەکێتی هەوڵەکانی چر کردۆتەوە بۆ نزیک بونەوە لە هێزەکانی نزیک لە ئێران.

هەرچەندە شیعەکان دەرگای هاوپەیمانێتییان بە ڕووی پارتی و یەکێتی کردەوە، بەڵام تاکە شتێک ڕەنگە هەردوو جەمسەرەکەی شیعە سازشی لەسەر نەکەن کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانە، لەگەڵ ئەوەی یەكێتی و پارتی دەچنە نێو هاوپەیمانێتییەکی شیعەوە، بەڵام ناتوانن چۆنیان ویست لە پرسی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان هەڵسوکەوت بکەن.

کیفاح مەحمود، ڕاوێژکاری ڕۆژنامەوانیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی بە ڕۆژنامە عەرەبی وتووە، هیوادارن هاوپەیمانێتییەکان دوربن لە تێڕوانینی پلانگێڕیی، واتا پارتی بە گومانەوە تەماشای ئەو نزیکبوونەوەیەی یەکێتی و شیعەکانی نزیک لە ئێران دەکات.