تەواوی وردەکاریی ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێم

کوردستان

16/06/2021‌ 3075 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لە نێوان ڕێککەوتن لەسەر یاسای بودجەو ناردنی بڕە پارەیەکدا لە بەغداوە بۆ هەرێم موژدەی چی دەدرێت بە هاوڵاتیان...بەرپرسانی بالای حکومەت و حزبە فەرمانرەواکان خەریکی بەخشینەوەی موژدەن لە کاتێکدا کە یاسای بودجە جیبەجێ ناکرێت.بەغداد راستەوخۆ بەلێنی ناردنی پارە جێبەجێ دەکات یان جارێکی تر مەرجی هەیەو دەبێت هەرێم جێبەجێی بکات؟

سەرەنجام و دوای نزیکەی سێ مانگ لە پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق حکومەتەکەی کازمیی لە درەنگانێکی رۆژی سێشەممەدا بڕیاری ناردنی بڕە پارەیەکی مانگانەی بۆ هەرێم دەرکرد بە بێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی باس بکرێت و بزانرێت ئەم بڕە پارەیە لە بەرامبەر چیدا دەدرێتە هەرێم؟

ڕێککەوتنی هەرێم و بەغداد لە یاسای بودجەی عێراودا ڕون و ئاشکرا باسی لە پابەندیەکانی هەردوولا کردوەو هیچ گومانێکی نەهێشتۆتەوە بۆ ئەوەی بە چ میکانیزمێک رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەوە نزیکەی سێ مانگە وێرای هاتوچۆیەکی زۆری شاندی کوردیی هیچ ئەنجماێکی دلخۆشکەر بەدەست نەهاتوە بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی یاساکە وەک خۆی.

دوای ئەوەی رۆژی دوو شەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم و ئەندامی بەردەوامی شاندە کوردییەکە، بێهیوایی خۆی لە ڕێککەوتن و گەشتنە ئەنجام لەگەڵ بەغداد ڕاگەیاند، بە بێ ئەوەی هیچ دانوستانێکی ئاشکراو باسکراو لە نیوان هەردوو لادا هەبێت، لە پر و وەک سوپرایزێک دەنگۆی ناردنی برە پارەیەکی مانگانە لە بەغداوە بۆ هەرێم بڵاو بوەوە کە بریتییە لە ٢٠٠ ملیاری مانگانەو بە قسەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لە ڕۆژی یەکەمی ئەمساڵەوە بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت و وەک ئەو دەڵێت بە ئەسەری ڕەجعی پارەی مانگەکانی رابردوو دەگاتە هەرێم.

ئەم بریارەی حکومەتی عێراق لە هیچکام لە بەندەکانی یاسای بودجەدا بونی نییەو جێی نابێتەوە و دەکرێت وەک بەشێک لە ڕێککەوتنێکی سیاسی و و تێپەراندنی کات سەیر بکرێت نەک وەک جێبەجیکردنی یاسای بودجە، چونکە لە مادەی ١١ی یاساکەدا کە تایبەتە بە پشکی هەرێم بە ڕونی پابەندی هەردوو لای تێدا دیاری کراوەو ناردنی بەشە بودجە هەم بڕەکەی چەند هێندەی ئەوەیە کە ئێستا بریاری لێدراوە هەم چەند ئەرکێک دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی هەریم بۆ جێبەجێکردنی کە لە ئیستادا هیچ باسی ئەو ئەرکانەلە ئارادا نییە.

بەشێک لە چاودێران و ئاگایانی بواری دارایی و بودجە پێیان وایە ئەم بریارەی حکومەتی عێراق و بەو جۆرە خێرایە یان لە ژێر فشاری دەرەکیدا بوە یان بە ڕێککەوتنێکی ژیر بەژێر لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم هاتۆتە کایەوە، چونکە لە رۆژانی پێشودا زۆربەی بەرپرسانی باڵای حکومەتی دەهۆڵی بێهیوایی و نەگەشتنە ئەنجامیان لەگەڵ بەغداد دەکوتی، خێرە وا لە پر رێککەوتنێکی نوێ هاتە کایەوە؟

ئێستاو دوای ئەوەی بریاری ناردنی بڕە پارەیەک لە بەغداوە بۆ هەرێم بلاو بوەتەوە جارێکی تر ئەو بریارە دەکەوێتەوە بەر رەحمەتی چاوەروانیی ئەوەی کە ئایا کەی جێبەجێ دەکریت یاخودنا؟ بە چ میکانیزمێک جێەبەجێ دەکرێت و کەی دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت؟

ئایا راستەوخۆ بەغداد پارەی چەند مانگی رابردو دەنێریت یان دیسانەوە دەبێت چاوەرێی ئەوە بین شاندی کوردی بچیتەوە بەغداد و دەست بکاتەوە بە گفتوگۆی چۆنیتی ناردنی پارەکە، سەرەنجام چەند مانگێکی تر بەو بابەتەوە تێپەرێت.

هێزە شیعییەکان کە بە حکومەتی سێبەر ناو دەبرێن و دەوترێت تا ئێستا بەشێک لە ڕێگریەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجە ئەوانن، ئایا ئێستا ڕێگە دەدەن بە بێ هیچ پابەندیەکی هەرێم بەغداد مانگانە پارە رەوانەی هەرێم بکات؟

جاری پێشوو لە کاتی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و بەغدادا هەموو هێزو لایەنە سیاسیەکانی بەشدار لە حکومەت و بەشێکیش لەوانەی دەرەوەی حکومەت، کەسایەتییە سیاسیەکان و بەرپرسانی باڵا هەموو خۆیان بە خاوەنی ڕێککەوتنەکەو پاڵەوانی نزیککردنەوەی هەردوو لا دەزانی و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەگەر ئەوان نەبونایە رێککەوتن نەدەهاتە بەرهەم، بەلام دوای نزیکەی سێ مانگ لە نەبونی هیچ ئەنجامێک کەس خۆی بە خاوەنی شکست نەکرد و ئێستاش کە ئەو بریارە هاتۆتە ئاراوە هەموان لە حکومەت و حزب، سەرۆک و جێگر و وەرزیرو گوزیر خۆیان بەخاوەن و پاڵەوانی ڕێککەوتن دەزانن و بانگەشەی ئەوە دەکەن ئەوان هۆکار بوون بۆ دەرچونی بریارەکە.

 ئاخۆ ئەگەر ئەمجاریش بریارەکە جیبەجێ نەکرێت ئەوان هەر بەو جۆرە خۆیان بە پاڵەوان ناو دەبەن یان بێدەنگ دادەنیشن و سەیری نەهامەتیەکانی گەلەکەیان دەکەن؟

ئەی ئەگەر بەغداد پارە ڕەوانەی هەرێم بکات حکومەتی هەرێم دەتوانێت بە داهاتی ناوخۆوە لێبرینی موچە نەهیلێت و ئەو پارەیە دەداتە فەرمانبەرەکانی یان جارێکی تر بەناوی پرکردنەوەی کورتهێنان و دانەوەی قەرزەوە ون دەبێت و کەس سودمەند نابێت لێی؟

هەموو ئەمانە پرسیارگەلێکن کە لە رۆژانی داهاتودا وەڵامیان دەدرێتەوەو راستی و دروستی بریار و بابەتەکان ڕون دەبێتەوە.