نەتەوەیەکگرتوەکان: ژمارەی ئاوارەکانی جیهان زیاتر لە82 ملیۆن کەسە

جیهان

19/06/2021‌ 534 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕایگەیاند، لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکان بەهۆی شەڕو قەیرانەکانی جیهانەوە دووقات زیادیکردووەو گەیشتۆتە 82,4 ملیۆن کەس کە ئەوە ژمارەیەکی پێوانەییە.

فیلیپۆ گراندی کۆمسیاری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ئاماژەی بەوەکردووە، نۆ ساڵی بەردەوام لەسەریەک ژمارەی ئاوارەکان لەجیهاندا هەڵدەکشێت، بەشێوەیەک ژمارەی ئاوارەکانی ئێستای جیهان دووقاتی ئەو ژمارەیە کە 10 ساڵ لەمەوبەر تۆمارکراوە.

ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆچبەربوونی زۆرەملێ کە کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان دەریدەکات، ئاماژەی بەوەکردووە، لە70%ى ئاوارەکانی جیهان هی پێنج وڵاتی جیهانن کە ئەوانیش سوریا، ڤەنزوێللا، ئەفغانستان، سودان‌و میانمارن.

لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، هەڵکشانی ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکانی وڵاتان بەشێکی سەرەکیی بۆ ئەو گرژییە نوێیانە دەگەڕێتەوە کە لەباشووری مۆزەمبیق، ناوچەی کەناری ڕۆژئاوای ئەفریقیاو هەرێمی تیگرای ئەسیپپیا دەگەڕێتەوە، ئەوە جگە هەڵکشانی گرژییە کۆنەکان لەوڵاتانی وەک سۆماڵ‌و ئەفغانستان.

هەروەک بەپێی ڕاپۆرتێکی هاوبەشی هەردوو ڕێکخراوی "ناوەندی چاودێریکردنی کۆچبەربوونی ناوخۆیی"و "ئەنجومەنی نەرویجی بۆ پەنابەران"، ساڵی 2020 بەهۆی شەپۆلێکی توندی شەڕو ململانێوە، نزیکەی 40,5 ملیۆن کەس لەوڵاتەکانی خۆیان ئاوارەبوون، کە ئەوەش بەرزترین ژمارەیە لەماوەی دەیەی ڕابردوودا تۆمارکراوە.

و: ئاکۆ ئاڵی