شارپرێس:
بەگوێرەی ئاژانسی نۆڤۆستی ڕوسی، دکتۆرە سڤیتلانا ڤۆس پسپۆڕی بوار خۆراکیی ئۆکرانی، جەختی لەگرنگی خواردنی کولەکە کردۆتەوە، لەبەرئەوەی کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ڕیخۆڵەکانو کهمکردنەوەی مەترسیی ڕەقبونی خوێنبەرەکانو دروستبونی بەردی زراو هەیە.
پسپۆڕە ئۆکرانییەکە ئاماژەی بەوەکردوە، کولەکە لەو سەوزانەیە کە بەها خۆراکییەکەی ناخەمڵینرێت، لەبەرئەوەی دەوڵەمەندە بەکارۆتیناتو لۆتینو ئیزۆمیرو زیاکسانسین، ئەو مادانەش لەسەر شانەکانی چاو کەڵەکە دەبنو پارێزگاری لەبینایی چاوی مرۆڤ دەکەن.
باسی لەوەشکردوە، کولەکە ترشی ئەسکۆربیکو ترشی فولیکی بەڕێژەی لە17%و لە5% یەک لەدوای یەک تێدایە، ئەوە جگە لەپۆتاسیۆمو ڕیشاڵە خۆراکییەکان.
ڤۆس دەڵێت:"کۆسا بەشێوەیەکی تایبەتی بۆکەسانی کەمجوڵە بەسوودە، لەبەرئەوەی ریشاڵە خۆراکییەکان کاریگەریی ئەرێنیان لەسەر میکرۆبیۆمی ریخۆڵەکان هەیەو بەکتریا بەسوودەکان زیاتر دەکەنو بەکتریا زیانبەخشەکان کەمدەکەنەوە".
لەپاڵ ئەوانەشدا ڕیشاڵەکان پەیوەندیان هەیە بەکۆلیسترۆڵو ترشی نیشتوی ناو ڕیخۆڵەکانو دەرکردنیان بۆدەرەوەی جەستە، بەوهۆیەشەوە مەترسیی ڕەقبوونی خوێنبەرەکانو دروستبونی بەردی زراو ناهێڵن".
و: ئاکۆ ئاڵی