خواردنەوەی چای گەرم لەهاویناندا جەستە فێنکدەکاتەوە

تەندروستی

20/07/2021‌ 1095 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "میرەر"ی بەریتانی، لەگەڵ ئەوەی لەوەرزە گەرمەکاندا مرۆڤ بۆ فێنکردنەوەی جەستەی پەنا دەباتەبەر خواردنەوە ساردەکان، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زاناکانی زانکۆی ئۆتاوای کەنەدا کە لەساڵی 2012 ئەنجامیداوە، ئەوەی دەرخستووە کە خواردنەوە گەرمەکان لەوەرزی هاویندا جەستە فێنک دەکەنەوە، بەو مەرجەی کەشەکە شێدار نەبێت‌و وشک بێت.

لەوبارەیەوە دکتۆر "ئۆلی جای" یەکێک لەئەندامانی تیمی لێکۆڵینەوەکە بەگۆڤاری "سمیسۆنیان ماگ"ی وتوە، "کاتێک خواردنەوەیەکی گەرم دەخۆیتەوە، لەوکاتەدا بڕێکی کەمتر لەو گەرمییە داکراوەی ناو جەستە بەرهەمدەهێنێت، بەمەرجێک ئەو ئارەقکردنەوە زێدەیەی بەهۆی خواردنەوە گەرمەکەوە دروستدەبێت، قابیلی بەهەڵمبون بێت".

وتوشیەتی:"کاتێک مرۆڤ لەکەشێکی گەرم‌و وشکدا خواردنەوەیەکی گەرم دەخواتەوە لەوکاتەدا پلەی گەرمی جەستە دادەبەزێت‌و کەسەکە هەست بەساردبوونەوە دەکات، بەڵام لەکەشی گەرم‌و شێداردا ئارەکردنەوەکە بەهەڵم نابێت، لەبەرئەوە لەکەشی گەرم‌و شێداردا واباشترە خواردنەوەی سارد بخورێتەوە.

پوختەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئەوەیە لەکەشی گەرم‌و وشکدا، خواردنەوە گەرمەکان کاریگەریەکی ڕونیان لەسەر فێنککردنەوەی جەستە هەیە، بەڵام لەکه‌شی گەرم‌و شێدرادا واباشترە خواردنەوە ساردەکان بخورێتەوە.

و: ئاکۆ ئاڵی