دوای عێراق ئایا ئەمەریکا لە رۆژئاوای کورستانیش دەکشێتەوە؟

عیراق

30/07/2021‌ 1072 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەدوای ڕێککەوتنی عێراق و ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لەعێراق و گۆڕینی ئەرکی ئەو هێزانە بۆ بواری راوێژکاریی بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، راپۆرتە رۆژنامەوانییە رۆژئاواییەکان باس لە کاریگەرییەکانی ئەو بڕیارە لەسەر مانەوە یان کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان دەکەن.

لەوچوارچێوەیەدا رۆژنامەی "لۆ فیگارۆ"ی فەڕەنسیی راپۆرتێکی لەژێر ناونیشانی " پاشەکشەی ساختەی هێزەکانی ئەمەریکا" بڵاوکردۆتەوە و تێیدا باسی لەوەکردووە کە کشانەوەی سەربازیی ئەمەریکا لەعێراق، رەنگە کێشە بۆ مانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان درووست بکات.

رۆژنامەکە هەروەک دەڵێت:  گومان دەکرێت تەنانەت لەگەڵ کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لەعێراق و مەترسییەکانی لەسەر بوونی سەربازیی ئەمەریکا لە سوریا،  بەڵام هێشتا بەدوور دەزانرێت ئەمەریکا هێزە سەربازییەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و بنکەی سەربازیی تەنەف لەنزیک سنووری ئوردن بکێشێتەوە، بەتایبەت کە لەماوەی رابردوودا شا عەبدوڵڵا پاشای ئوردن داوای لە جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا کردبوو هەموو هەوڵێکی خۆی بخاتە گەڕ بۆئەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا دەستەبەر بکرێت.

رۆژنامەکە ئاماژەی بۆئەوەکردووە کە هەرچەندە جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا دەیەوێت لەگەڵ ئێران لەسەر بەرنامەی ناوەکیی بگاتە ڕێککەتن و کێشەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە چارەسەر بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی ئەمەریکا نایەوێت سوریا بۆ تاران جێبهێڵێت بۆئەوەی نەتوانێت پشتیوانی سیاسیی و سەربازیی بەهێزی دەستبکەوێت.

هەر پەیوەست بەو بابەتە چەند رۆژی رابردوو رۆژنامەی "پۆلۆتیکۆ"ی ئەمەریکی لە راپۆرتێکدا کە پشتی بە لێدوانی بەرپرسێکی ئەمەریکی بەستبوو رایگەیاند کە واشنتۆن دەیەوێت لەپێناو پشتیوانیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات نزیکەی ٩٠٠ سەرباز لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان بهێڵێتەوە.

ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە لەبەشێکی لێدوانەکەیدا بەدووریزانیبوو لەئێستادا هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر بوون و ئەرکی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەسوریادا بێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی
https://www.facebook.com/asqsyria/posts/366902808232126