ئاگرەكەی توركیا شوێنە گەشتیارییەكانی كردە قەرەبروت

جیهان

30/07/2021‌ 3346 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

ئاگرەكەی توركیا ڕۆژی دووەمیشی تێپەڕاند، بەبێ ئەوەی كۆنترۆڵبكرێت، گڵپە و بڵێسەی ڕوولە بەرزبونەوە و فراوانبونە، هەزاران هێكتار دارستان و شوێنی گەشتیاری كردووە بە سوتماك و حكومەتیش دەستەوەستانە لە كۆنترۆڵكردنیدا.


پێشنێوەڕۆی ڕۆژی چوارشەمە، پریشكەی ئاگرە گەورەكەی ناوچە گەشتیارییەكانی توركیا، لە ناوچەی مەناڤگاتی سەربە پەرێزگای ئەنتالیا پەرەی سەند و بەپێی هەواڵی میدیاكانی توركیا تائێستا 21 ناوچەی توركیای گرتوەتەوە ،كە گرنگترینیان (شاری ئەدەنە، مێرسین، ئەنتاڵیا، موغڵان و ئەستەمبوڵ و چەند شارێکی ترن).

سەدان گوند و ناوچەی گەشتیاریی بەهۆی ئاگرەکەوە چۆڵکراون، تائێستا ڕووبەری ١٠ هەزار هێکتار لە دارستانەکانی ئەو وڵاتە سوتاون، کە بەگەورەترین ئاگری ١٠٠ ساڵی ڕابردووی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێت.



ئاگرەكە سەرجەم ئەو ناوچە گەشتیارییە بەناوبانگانەی گرتوەتەوە كە گەشتیاران لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا و ئاسیاوە بۆ وەرگرتنی پشو سەردانی دەكەن، دوێنێ هەر لەگەڵ بەرزبونەوەی گڕی ئاگرەكە و تینی گەرمیەكەیدا گەشتیاران ناوچەكانیان بەجێهێشت و لە ڕێگەی فڕۆكەخانەكانەوە گەڕانەوە وڵاتەكانی خۆیان.

بەهۆی ئاگرەكەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 120 هاوڵاتی بریندارن و سەدان گوند و شارۆچکەی تورکیا بەهۆی ئاگرەکەوە لەلایەن دانیشتووانەکەیەوە چۆڵکراون

جگە لە سوتانی هەزاران هێکتار زەوی و دارستان، سەدان هۆتێلی پێنج ئەستێرەیی و گوندی گەشتیاریی و باڕ سوتاون، کە سەرجەمیان ناوچەی گرنگ و بەناوبانگی گەشتیاریی تورکیان و دەكەونەكەناری دەریاکانی ئیجە و ئاکدەنیز لە پارێزگای ئەدەنە و مێرسین و ئەنتاڵیا تا ئەستەمبوڵ.

گڵپە و بڵێسەی ئاگرەكە تابێت بەرزتر و سورتردەبێت و بەرهەر شوێنێك دەكەوێت دەیكات بە قەرەبروت، حكومەتی توركیا دەستوەستانە لە كۆنترۆڵكردنی و بەکر پاکدەمیرلی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا ڕایگەیاند: ئاگرەکە هەتا ئێستاش بەردەوامە و ناتواندرێت کۆنترۆڵ بکرێت.

توركیا دەوڵەمەندترین وڵاتی ئاسیایە لە ڕووی كەرتی گەشتیاریەوە، داهاتی ئەو كەرتە ژمارەیەكی گەورەیە لە داهاتی ساڵانەی وڵاتەكەدا، كە بریتییە لە ٣٨ ملیار و ٥٣٠ ملیۆن و ٣٣٨ هەزار دۆلار، کە دەکاتە ٥.٢٪ی داهاتی گشتیی تورکیا.

ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، بەتایبەت هەدەپە و جەهەپە گومانیان لە كەوتنەوەی ئاگرەكە هەیە و لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان وێنەی ئەو دارستانانەیان بڵاوكردووەتەوە كە پێشتر سوتاون و ئێستا كراون بە ئوتێل و ناوچەی گەشتیاری، بۆیە حكومەت بەوە تۆمەتباردەكەن، كە دەیەوێت ئەو ناوچانە بکاتە هۆتێل و ناوچەی گەشتیاریی، بە بەڵگەی ئەوەی پێشتریش لە ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠دا چەند جارێکی دیکە ئاگری لەوشێوەیە کەوتووەتەوە و دواتر ئەو ناوچانەی سووتاون ئێستا کراونەتە هۆتێل و شوێنی گەیشتیاریی.

سەرۆکی کۆمەڵەی دارستانەکانی تورکیا پێیوایە،  كەوتنەوەی ئاگرەكە سیاسیەتی حكومەت دژ بە دارستانەكان و بە بەڵگەی ئەوەی هیچ پرۆژەیەكیانیان بە هەند وەرنەگیراوە بۆ ڕێگری لە كەوتنەوە و تەشەنەكردنی ئاگر.


تونجای نەیشچی، سەرۆکی کۆمەڵەی دارستانەکانی تورکیا ڕایگەیاندووە، کە ئەو ئاگرە سوپرایز نییە بەڵکو سیاسیەتی حکومەتە دژی دارستانەکان، بۆیە لەکاتی خۆیدا کۆنترۆڵیان نەکرد و خەمساردبوون، ئەمەش جێی گومانە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر بۆ ڕێگریی لە ئاگر لە ساڵانی ٨٠ەوە تا ئێستا چەندین جار پێشنیازمان بۆ حکومەت کردووە کە ڕێگریی بکرێت لە کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە، بەڵام تائێستا هیچ پرۆژەیەکی ئێمەیان بەهەند وەرنەگرتووە، ئایا تائێستا حکومەت چیکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم ئاگرە؟

س.س