لە عێراق دەنگی ناڕەزایەتى لەدژی پلاسخارت بەرز دەبێتەوە

عیراق

01/08/2021‌ 1463 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی داوادەکات، جنین بلاسخارت، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق بە کەسێکی دیکە بگۆڕدرێت.

خەڵەف عەبدولسەمەد، ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا داوایکردووە، بلاسخارت بەهۆی لێدوانەکانی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، لە پۆستەکەی دوربخرێتەوە.

پێشتر هاوپەیمانی سەدر و حزبی شیوعی و حزبەکەی ئەیاد عەلاوی کشانەوەی خۆیان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، لە دوای ئەوەش دەنگۆکانی دواخستنی هەڵبژاردن ڕووی لە زیاد بوون کردووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نوری مالکی ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی بلاسخارت کرد، ئەویش بەهۆی ئەوەی باسی لەوەدەکرد، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە ڕۆژی 10-10-2021 ئەنجامبدرێت، دوادەخرێت.

نیگەرانى بەشێک لەلایەنە عێراقییەکان لەسەر نوێنەرى نەتەوەیەکگرووەکان لە عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەى کە ناوبراو دەست لەکاروباری ناوخۆی عێراق وەردەدات و لەبارەى هەلبژاردنەکانەوە دەستوەردان دەکات.