وه‌زیرى ناوخۆى هه‌رێم داواکارییەک ئاراستەی بەغدا دەکات

کوردستان

03/08/2021‌ 1573 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم داوا لەحکومەتی عێراق دەکات، ڕێککەوتنی تایبەت بەشنگال جێبەجێبکات.


ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "هەندێک هێزی لەیاسا دەرچوو دژی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگالن، داوادەکەین حکومەتی عێراق ڕێککەوتنەکە جێبەجێبکات".

باسی لەوەشکرد، "جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال تاکە رێگایە بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال، ئەو چەکدارانەی ئێستا لەشنگالن دەبێ ئەوێ جێبهێڵن، چونکە تاکە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە ئەو چەکدارو ‌هێزانەن کە بەنایاسایی لەوێ جیگیرکراون".

وتیشی:"هیواخوازین لەماوەیەکی نزیکدا ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێبکرێت‌و ئەو خەڵکەی ئاوارەبونە بەسەربەرزی بگەڕێنەوە شنگال، خاڵی گرنگ ئەوەیە شنگال ئاوەدانبکرێتەوە، هەردوو سەرۆکی حکومەتی هەرێم‌و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش تیمێکی هاوبەش پێکبێنن، لەوڵاتانی کۆمەکبەخش هاوکاری کۆبکەنەوە، بۆ ئەوەی تەواوی خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵکی شنگال دابینبکرێن‌و خەڵک بگەڕێتەوە شنگال".