پێنج ڕۆژی یەکلاکەرەوە
قوباد تاڵەبانی پلانی چیبوو؟ لاهور شێخ جەنگی چۆن پلانەکەی تێکدا؟

ڕاپۆرت

03/08/2021‌ 19872 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لاهور شێخ جەنگی پلانەکەی باڤڵ تاڵەبانی تێکدا، یان دەبێت ئەو کردەیە پێش بخات کە بڕیاری لێدابوو یان دەبێت بیگۆڕێت بە پلانێکی تر..

هەفتەی ڕابردوو تاڕادەیەک بێدەنگی باڵی کێشا بەسەر شاری سلێمانی و نێوخۆی یەکێتیدا.. بەشێوەیەک لەدوای 20 ی تەمموزەوە وردە وردە خەڵکیی و بەرپرسانی یەکێتیش چوونەوە سەر کاری ڕۆژانەی خۆیان، ئەوانەی پێشتر لە ئاڕاستەکەی لاهور شێخ جەنگی بوون پەیتا پەیتا ڕێی دەباشانیان گرتەبەر، دۆخی نوێ بۆ هەندێکیان شەفاعەت بوو، بۆ هەندێکی تریشیان سەردانەکانی دەباشان نەیخوارد و سەرئەنجام فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو.

بێدەنگیی هەفتەی ڕابردوو، بێدەنگی پێش زریانەکەیە؟ یاخود پشووە بۆ گێمێکی دیکەی یارییەکە؟

پەیامەکەی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی کە جەختیکردوە لەوەی ناچێتە ژێرباری جێهێشتنی کوردستان و تا دوا سات دەمێنێتەوە، پێدەچێت هاوکێشەکەی لە ئاڕاستەکەی بافڵ تاڵەبانی تێکدابێت، چونکە ئاڕاستەی دووەم بەنیازبوو تا ڕۆژی هەشتی ئەم مانگە لاهور شێخ جەنگی ناچار بە جێهێشتنی کوردستان بکات و دواتریش لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان کۆبوونەوە بکات و یەکێتییە نوێیەکەی کە لە میدیاکان و لەسەر زاری بەر پرسانی ئەو حزبە بووەتە دروشم، بۆ لایەنە سیاسییەکانی دیکە بخرێتەڕوو.

زانیاریەکانی شارپرێس باس لەوە دەکەن هەفتەی ڕابردوو بە فڕۆکەیەکی تایبەت هاوژین و منداڵەکانی لاهور شێخ جەنگی و دایکی لاهور جەنگی نێردراونەتە دەرەوەی وڵات، بۆیە پێدەچێت لاهور جەنگی خۆی بۆ ڕۆژانێکی سەختی ململانێ ئامادەکردبێت.

پێنج ڕۆژی داهاتوو چی ڕوودەدات؟

لەدوای پەیامەکەی ڕۆژی دووشەممەی لاهور جەنگی، دوو کاردانەوە دروستبوون کە یەکێکیان چاوەڕوانکراو بوو ئەویش هاتنەسەر خەتی میدیاکانی ئاڕاستەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ وەڵامدانەوەی پەیامەکەی لاهور جەنگی تا گەیشتە بڵاوکردنەوەی دانپیدانانی بازرگانێک، کە باس لەوە دەکات لەلایەن براکانی لاهور شێخ جەنگییەوە زیندانی کراوەو موڵک و مالەکەی دەستی بەسەردا گیراوە، کاردانەوەی دووەمیش کە چاوەڕواننەکراو بوو میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو کە هاتنە نێو ململانێکەوە، کە لە دوای هەشتی تەمموزەوە تا ڕۆژی دووی ئاب بێدەنگییان هەڵبژاردبوو، بەڵام ئیدی ئەوانیش دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان و جموجوڵەکان.

بلاوکردنەوەی دانپێدانانەکان هەرزوو نیگەرانی بەشێک لە سەرکردەو کادرانی یەکێتی لێکەوتەوەو داوای ڕاگرتنی ئەو هەنگاوەیان کرد کە میدیا فەرمیەکانی یەکێتی و نزیک لە کوڕانی تاڵەبانی بانگەشەی بڵاوکردنەوەیان دەکرد.

سلێمانی جارێکی تر شەوێکی سەخت و دوردۆنگیی بەڕێکرد...

شەوی دوشەممە ماڵەکەی لاهور شێخ جەنگی لە گردی سەرچناری سلێمانی جمەی دەهات لەو کەسانەی لە ناوشار و دەرەوەی شاری سلێمانی پاڵپشتی خۆیان بۆ دەربڕی، کۆمەڵێک گەنج بە چەکی سوک و مام ناوەندەوە بینران و وێنەو ڤیدیۆیان بلاوکرایەوە، لەلایەکی ترەوە بلاوکرایەوە کە هێزە ئەمنیەکانی یەکێتی لە دەباشان و قەڵاچوالانەوە لە حاڵەتی ئینزاردان، ئەمە بوە جێی نیگەرانی و دڵەڕاوکی لە نێو دانیشتوانی شار بە گشتی و یەکێتیەکان بە تایبەتی، کە ئاخۆ چی ڕودەدات ئەگەر هەردوولایەنی هاوکێشەکە ڕوبەروی یەک بوەستنەوە و هێز بەکاربهێنرێت؟

وەک ئەوەی خودی لاهور شێخ جەنگی دانی پێدا نا، ئەگەر باڤڵ تاڵەبانی داوای جێهێشتنی کوردستانی لێکردبێت، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە باڤڵ تاڵەبانی پلانی "بی" داناوە بۆئەوەی شێخ جەنگی ئەو داواکارییە ڕەتبکاتەوە بەڵام ئاخۆ پلانی بی باڤڵ تاڵەبانی چی دەبێت؟.. بۆیە هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن پێنج ڕۆژی داهاتوو سلێمانی ڕۆژانێکی قورس بەڕێبکات هەرچەندە دەبێت هەموو جوڵەکانی هەردوولا زۆر بە پلان و بێ هەڵە بەڕێوەبچن چونکە هەر هەڵەیەک هەم ڕیسەکەیان دەکاتەوە بە خوری و هەم کۆی هەرێم و حزبەکەیان بە تایبەت دەخاتە بەردەم مەترسیەکەی گەورەوە.