دەسەڵات و حزبەکان بکەری سەرەکی دروستکردنی رووداوەکانن یان راستین؟

کوردستان

06/09/2021‌ 1949 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بۆچی ڕوداوەکان بەو شێوەیەو پێکەوە دەبنە بابەتی گەرمی رۆژ و هەر رۆژەو بابەتێک دەبێتە جێی باسی کۆمەڵگەی کوردیی؟ئەگەر ڕاستیە بۆچی بەو جۆرە ڕوداوەکان ڕودەدەن و ئەگەر فریودان و سەرقاڵکردنی کۆمەڵگەیە بۆچی کۆمەڵگە دوای هەموو ئەو شەپۆلانە دەکەوێت؟

لە دوو هەفتەی ڕابردوودا چەند ڕووداوێک ڕوویاندا کە هەموویان ڕای گشتیان سەرقاڵکرد و کاردانەوەو هەندێک کاتیش بەریەککەوتنی توندیان بە دوای خۆیاندا هێنا.

لەلایەک بڵاو بونەوەی کلیپێکی گۆرانی و لە لایەکی تر سەرهەڵدانی چیرۆکەکانی فریودانی کچان و گەنجانی کوردستان و بڵاوکردنەوەی ڤیدۆی جۆراو جۆریان، لە هەمان کاتدا ناکۆکی و دوو بەشبوون بە هۆی ڕاگەیاندنی پرۆژەیەکەوە  بە ناوی "ناوی من ناوی دایکمە"

هەموو ئەم ڕووداوانە لە دوو هەفتەی ڕابردودا بابەتی گەرمی رۆژ بوون و زۆر کات بابەتە سیاسی و ئیداری و قەیرانەکانی کۆمەڵگەیان لە بیری هاوڵاتیان بردۆتەوە، لە ئێستاشدا رایگشتی و بەشێکی زۆری کۆمەڵگەو بگرە بەشێک لە دەزگا فەرمیەکانی حکومەتیشیان سەرقاڵکردوە، وەزارەتی ڕۆشنبیری و ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و بەشێک لە ڕێکخراو و سەندیکاکان لەسەر ڕوداوەکان بە دەنگ هاتون وداوای چارەسەری بە پەلەی کێشەکانیان کردوەو بنەبڕکردنی بابەتەکانیان بە زەرورەتێکی حەتمی ناوبردوە، چونکە هەموان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەو ڕوداوانە مەترسی جدین لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگە دەخەنە بەردەم چارەنوسێکی نادیارەوە.

روداوەکان بە جۆرێک بڵاو بونەوە کە بونە جێی سەرنجی چاودێران و وەک ئەگەری هەوڵێکی فریودان و سەرقاڵکردنی هاوڵاتیان لە قەلەمیاندان چونکە لە گەرمەی چەند قەیرانێکی سیاسی و ئیداری و داراییدا ڕویانداو هەرسێ روداوەکەش بەدوای یەکدا بڵاو بونەوە لە کۆمەڵگەدا.

کلیپی هونەرمەندێک کە تیایدا چەند دیمەن و گرتەیەکی دور لە بەها کۆمەڵایەتی و ئاینیەکان دەبینران، کاردانەوەی توندی لکێکەوتەوەو لە زۆر لاوە داوای ڕاگرتنی کلیپەکەو سزادانی هونەرمەندەکە کرا، وەزارەتی ڕۆشنبیری هاتە سەر خەت و داوای لە سەرجەم میدیاکان کرد کلیپەکە بڵاو نەکەنەوەوخۆیان بەدور بگرن کارکردن لەسەر کلیپەکە، هەرچەندە هونەرمەندەکە بە توندی دژی داواکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری وەستایەوە و رایگەیاند کلیپەکەی ناسرێتەوە و بە هیچ جۆرێک ناچێتە ژێر باری داواکەی وەزارەتەوە، وەزارەتی ڕۆشنبیریش جگە لە داواکەی هیچ کاردانەوەیەکی تری نەبوو.

لە لایەکی ترەوە بڵاوبونەوەی ڤیدیۆی ژمارەیەک کچی گەنج کە تێیدا داوای لێبوردن و جۆرە سوکایەتیەکیان بە خۆیان دەکر لە بەرامبەر ئەوەی کەسێک گوایە ڤیدیۆی ئەمانی لایەو هەڕەشەی بلاوکردنەوەی لێکردوون، بوە بابەتێکی گەرم و شەقامی توشی جۆرێک لە شڵەژان کرد.

جاودێران و پسۆپرانی بواری پەروەردەو گەنجان توشی شۆک بوون کە بینییان ڕوداوگەلێکی بەو شێوەیە لە کوردستاندا ڕودەدەن لە کاتێکدا ئەوان ساڵانێکە هۆشداریی دەدەن لە مەترسیەکانی ئەو حاڵەتانە.

مامۆستایانی ئاینی و ڕۆشنبیران و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دواجاریش ئەنجومەنی باڵای خانمان هاتنە سەرخەت و داوای هەرچی زوە لێپێچینەوە لە ڕداوەکان و دۆزینەوەی بکەرانی ئەو کارانەیان کرد، بە مەترسی گەورەو جدی بۆ سەر ئاشتی کۆمەڵایەتی و شیرازەی خێزان ناویان برد، بەڵام ئەوەی بینرا لایەنی بەرپرس و پەیوەست بە بابەتەکە تا ئەم ساتەش هیچ کارێکی نەکردوەو خۆی بێدەنگ کردوە، لە بەدواداچونێکی شارپرێسیشدا بۆ بابەتەکە ئەوە دەستکەوت کە پۆلیس تا ئێستا هیچ ریکارێکی نەگرتۆتە بەر بە بیانوی ئەوەی هیچ کەسێک سکاڵای نەکردوە و داواکاری گشتیش بە هیچ جۆرێک خۆی بە خاوەنی بابەتەکە نازانێت.

ڕاگەیاندنی پرۆژەیەک بەناوی "ناوی من ناوی دایکمە" هەڵایەکی گەورەی نایەوەو کۆمەڵگەی دابەشی دوو بەرە کرد، مامۆستایانی ئاینی و بەشێکی زۆر کە کەسایەتییە پاشخان ئیسلامیەکان و بەشێکی زۆری کۆمەڵگە دژی پرۆژەکە هەلوێستیان وەرگرت و هەندێک جاریش جنێو و قسەی نەشیاو ڕوبەڕوی ئەنجامدەرانی پرۆژەکە بوەوەو بە پرۆەژەی دژایەتی خێزان و کۆمەڵگە و ئاین ناویان برد، لە بەرامبەردا ئەنجامدەران و پشتیوانانی پرۆژەکە بە توندی لە بەرامبەر ئەو لێشاوە دژایەتیە وەستانەوەو لەم نێوەندەشدا جارێکی تر کۆمەڵگە دابەشی دوو بەرەی دژ بەیەک بوەوە و تا ئێستاش بەشێکی زۆری کۆمەڵگە لە ئەسڵی پرۆژەکەو ناوەرۆکەکەی و هۆکارەکانی پشتیوانی یان دژایەتیکردنەکەی تێنەگەشتوون.

هەموو ئەم روداوانەو سەرقاڵبونی کۆمەڵگە بەڕوداوەکانەوە بوەتە جێی سەرنجی چاودێران و پێیان وایە دەسەڵات و پێکهاتە جیاوازەکانی حزب و دەسەڵات بکەری سەرەکی دروستکردنی ئەم روداوانەن بۆ فریودانی کۆمەڵگەو بیربردنەوەی قەیرانە سەرەکیەکانی پەیوەست بە ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگەوە کە تەنگیان بە هاوڵاتیان هەڵچنیوە.

ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو بپرسین ئەم ڕوداوانە ڕودەدەن ڕاستین و هیچ مەبەستیکیان لە پشتەو نییەو دەرخەری راستی کۆمەڵگەی کوردین، یان بە مەبەست و بۆ فریودانی کۆمەڵگەو بە دەستی کەسانێکی خاوەن بەرژەوەندی دروست دەکرێن و گەورە دەکرێن تەنها لە پێناو سەرقاڵکردنی کۆمەڵگەدا؟

ئایا کۆمەڵگە کە بۆ هەر ڕوداوێک دەبێتە دوو بەرەی دژ بەیەکەوە بۆ ناتوانێت ڕاستی و دروستی ڕوداوەکان جیا بکاتەوە لەو ڕوداوانەی کە بە مەبەست دروستدەکرێن بۆ ئەوەی چیدی نەبێتە شوێن کەوتوی سێبەرێک کە ئەوانی تر بۆی دروست دەکەن و سواری شەپۆلێک نەبێت کە لە دەریای ئەوانی ترەوە سەرچاوەی گرتبێت.