دوای تورکیا عێراق لەگەڵ ئێرانیش ڕێککەوت

عیراق

14/09/2021‌ 4453 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ئاشكرایده‌كات، لەسەر پرسی ئاو لەگەڵ لایەنی ئێرانیی گەیشتونەتە ڕێککەوتنی سەرەتایی.


عەون زیاب وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتویەتی:"لەمیانی سەردانەکەی ئەمجارەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق بۆ ئێران، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق چاوی بەبریکاری وەزیری وزەو بەرپرس لەئیدارەدانی دۆسیەی ئاوی ئێران کەوتوەو لەسەر چارەسەرکردنی پرسی ئاوی نێوان هەردوو وڵات گەیشتونەتە لەیەکتێگەیشتنی سەرەتایی".

زیاب باسی لەوەشکردوە، لەدیداری نێوان شاندی هەردوو وڵات باس لەبابەتی دابەشکردنی ئاو لەنێوان هەردوو وڵات‌و ئەنجامدانی دیداری تەکنیکی هاوبەش لەئایندە بۆ باسکردن لەدۆسیەی ئاوو دابەشکردنی ئاو بەشێوەیەکی وردتر کراوە.

پێشتریش وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ئاشکرایکرد، لەگەڵ لایەنی تورکی لەسەر دیاریکردنی پشکی ئاوی عێراق گەیشتونەتە لەیەکتێگەیشتن.

زیاب ئاماژەی بەوەکردوه‌، لەیەکتێگەیشتنەکە لەگەڵ لایەنی تورکی خۆی لەسێ خاڵی سەرەکیدا دەبینێتەوە کە ئەوانیش بریتین لە:
یەکەم: تورکیا پشکێکی گونجاوو دادپەروەرانە لەئاوی ڕوباری دیجلەو فورات بۆ عێراق بەردەداتەوە.
دوەم: لەو ساڵانەی ڕێژەی ئاو کەمدەبێتەوە، هەردولا زیانەکانی کەمئاوییەکە لەئەستۆ دەگرن.
سێیەم: ناوەندێکی توێژینەوەی هاوبەش بۆ کاروباری ئاو لەنێوان عێراق‌و تورکیا دروستدەکرێت کە کاری لێکۆڵینەوە دەبێت لەپرسەکانی پەیوەست بەئاو، وەک چۆنێتیی بەکارهێنانی ڕێکوپێک‌و نمونەییانەی ئاو.


عێراق بەشێوەیەکی سەرەکیی بۆ دابینکردنی ئاو پشت بەهەردوو ڕوباری دیجلەو فوڕات‌و ئەو لقە ڕوبارانە دەبەستێت کە سەرچاوەکەیان لەئێران‌و تورکیاوەیە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی سیاسەتە ئاوییەکانی تورکیاو ئێران بۆ دروستکردنی دەیان بەنداو لەسەریان، پشکی ئاوی عێڕاق لەو ڕوبارانە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە.