قوباد تاڵەبانى: پارتى لەخوایەتى کە خەڵک دەنگ بدەن بە لایەنە بچووکەکان بۆ ئەوەى هەر خۆی خاوەنى قسە بێت

کوردستان

14/09/2021‌ 1231 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکى لیستى هاوپەیمانى کوردستان رایگەیاند، جەماوەرى یەکێتى دڵنیا دەکاتەوە کە یەکێتی بە راماڵینی گەندەڵی، بەکۆتاییهێنان بەقاچاخچێتی و مافیاگەری، بەخزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەبێتەوە یەکێتییەکەی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا.

قوباد تاڵەبانى سەرۆکى لیستى هاوپەیمانى کوردستان لە میانى بانگەشەى لیستەکەى لە شارى رانییە رایگەیاند" ئێمە یەکڕیزین و شەڕ بۆ یەکڕیزی کورد دەکەین لەبەغداد، بۆیە داواتان لێدەکەم دەنگ بە هاوپەیمانی کوردستان بدەن تاکو بەو یەکڕیزییەمان، شەڕی بودجە و مووچە بکەین و خزمەتگوزاری زیاترتان پێشکەش بکەین و هەرچی پڕۆژە ماوە بەدووسایدی رانیەشەوە تەواوی بکەین، چونکە ئەم دەڤەرە شایستەی پرۆژەی جوانتر و خزمەتگوزاری باشترە".

 قوباد تاڵەبانی داوای لە خەڵکى سنورى دەڤەری راپەرین کرد لەپێناو گەڕاندنەوەی هاوسەنگی هێز لەهەرێمی کوردستان و بەدەستهێنانەوەی قوتی خۆیان و  خێزانەکانیان، دەنگ بدەن بە کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان، دەشڵێت" بۆیە پێداگری لەسەر هاوسەنگیی هێز دەکەم، چونکە دەنگدان بە لایەنە بچووکەکانی ئەم دەڤەرە، وەک ئەوەیە بەناڕاستەوخۆ دەنگ بدەن بەهێزی رکابەری سەرەکی هاوپەیمانی کوردستان کە پارتی دیموکراتی کوردستانە".

سەرۆکى لیستى هاوپەیمانى ئاماژەى بەوەشکرد، بەیەکەوە گۆڕانکاری و چاکسازی ریشەیی لە ھەرێم دەکەن، ئەتوانن ئەو گۆڕانکارییانە، لە بەڕێوەبردن، لە شەفافیەت، لە رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی، لە چاکسازی، لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی جێ بە جێ بکەن کە گۆڕان لە پێناویان دامەزرا.

سەرۆکى لیستى هاوپەیمانى دەشڵێت، بەراشکاوی دەیڵێم پارتى لە خوایەتى خەڵک دەنگ بدەن بەلایەنە بچووکەکان، بۆ ئەوەى کە هاوپەیمانى کورسى کەم هێنا ئەوکاتە بێ ڕکابەر دەبن و لە بەغداو هەرێمى کوردستان قسە هەر قسەى ئەوان دەبێت ئایا ئێوە ئەوەتان پێخۆشە؟ پێتانخۆشە کە لایەنەکانى ئەم دەڤەرە پەرتترو بڵاوتر بن؟ بێگومان کەس پێی خۆش نییە، بۆیە پشت ئەستور بە ئیرادەى ئێوە قەت ئەو رۆژە بەچاوی خۆیان نابینن".

لەکۆتایی وتارەکەیدا قوباد تاڵەبانی راگەیاند: یەکێتی یەکێتی ئێوەیە، یەكێتی بە ئێوەوە وەک چیای کێوەڕەش، وەک کۆسرەت، وەک ساراو پیرەمەگروون وایە، هەرگیز ناشکێت. دڵنیاتان دەکەمەوە یەکێتی بە راماڵینی گەندەڵی، بەکۆتاییهێنان بەقاچاخچێتی و مافیاگەری، بەخزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەبێتەوە ئەو یەکێتییەی مام و کاکە نەوە و هەڤاڵە تێکۆشەرەکانیان دایانمەزراند.