شارپرێس بۆ یەکەمجار تۆمارێکى دەنگی تاڵەبانى بڵاودەکاتەوە کە باسی رێکەوتنى یەکێتى و گۆڕان دەکات

کوردستان

20/09/2021‌ 9216 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بۆ یەکەمجار شارپرێس تۆمارێکى دەنگی جەلال تاڵەبانى سکرتێرى پێشووى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بڵاودەکاتەوە کە تیایدا هەڵوێستى ئەوکاتى خۆی و حزبەکەى لەبارەى رێککەوتنیان لەگەڵ گۆڕان و هەماهەنگیان رووندەکاتەوە.

لەو تۆمارە دەنگییەدا کە چاوپێکەوتنەکەى بە نووسین لە ژمارەی ( 814‌و 815)ی رۆژنامەى هاوڵاتییدا لە رێکەوتی 4-7/3/2012 بڵاوکراوەتەوە جەلال تاڵەبانى دەڵێت" من لایەنگری ئەوەم یەکێتى و گۆڕان نێوانیان ئاسایی ببێتەوەو هەماهەنگی و هاوکارى لەنێوانیاندا هەبێت، بۆ ئەوەى هەوڵبدەین کە هەڵوێستەکانمان لەسەر زۆر لە پرسەکان یەکبخەین".

تاڵەبانى ئاماژەی بەوەشکردوە، کە پێویستە یەکێتى و گۆڕان کارى بەیەکەوەیی بکەن لەپێناو ئامانجە هاوبەشەکاندا، دەشڵێت، بۆ یەکگرتنەوە پرۆسەیەکى درێژە، بەڵام بۆ بەیەکەوە کارکردن و هاوپەیمانى پێویستە کار بکەین بۆ ئامانجە گشتییەکانمان، چونکە ئەگەر ورد بینەوە یەکێتى و گۆڕان لەرووی بابەتییەوە زۆر لەیەکەوە نزیکن".

هەروەها تاڵەبانى لەو تۆمارە دەنگییەدا باس لەوە دەکات، یەکێتى و گۆڕان نەک هیچ ناکۆکی و ناڕاستی و دڕدۆنگییەک لەنێوانیاندا نییە، بەڵکو هەموو شتێکیان هاوبەشە، سەرکەوتن و شکست و مێژوویان و شەهیدو قوربانیان یەکە دەشڵێت" لە ٤٠ ساڵ خەباتى یەکێتى هاوڕێیانى گۆڕان لە چاک و خراپی بەشدار بوون، شەهیدەکانمان هاوبەشە، سەرکەوتنەکانمان هاوبەشە، شەڕو شکستمان هاوبەشە، بۆیە هیچ هۆکارێک نییە کە نەتوانین وەک دوو هێز بەیەکەوە کار نەکەین".

س.هـ

بەپەلە