ژماره‌یه‌ك كاندیدى هه‌ڵبژاردن جلى ژێره‌وه‌ى ژنان‌و پیاوان ده‌به‌خشنه‌وه‌

عیراق

23/09/2021‌ 3237 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ژماره‌یه‌ك كاندیدى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ى مانگى 10ى ئه‌مساڵ بۆ کۆکردنەوەی دەنگ پەنایان بۆ شێوازی سەیرو نامۆ بردوه‌ كه‌ له‌ڕابردودا نه‌كراوه‌، ئاژانسى هه‌واڵى فرانس24یش زانیارى زیاترى له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراكردوه‌و نوسیویه‌تى:"ئه‌و كاندیدانه‌ جلى ژێره‌وه‌ى ژنان‌و پیاوان ده‌به‌خشنه‌وه‌".


ئاژانسی "فرانس24"ی فەرەنسیی ڕاپۆرتێکی لەسەر هەڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵی عێراق‌و ئەو ڕێگا سەیرو سەمه‌رانە بڵاوکردۆتەوە کە پاڵێوراوان لەپێناو بەدەستهێنانی دەنگی هاوڵاتیان‌و بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمان دەیکەن‌و په‌نایان بۆ بردوه‌.

ئاژانسەکە لەڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت:"پاڵێواراوان پەنا بۆ هەموو ڕێگه‌یه‌ك دەبەن بۆئەوەی سەرنجی هاوڵاتیان ڕابکێشن‌و وایان لێبکەن لەهەڵبژاردندا دەنگیان پێبدەن، بەوپێیەی هاوڵاتیان بەتەواوەتیی خۆیان لەگرنگی پێدانی هەڵبژاردن‌و بەرنامەی کاندیدو لیستەکان دورخسۆتەوە".

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرته‌كه‌، بەشێک لەپاڵێواراوان هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی پۆستەرو ڕیکلامی هەڵبژاردنەکانیاندا، جلوبەرگی ژێرەوەی ژنان‌و پیاوانیان دابەشکردوە، ئه‌وه‌ش بۆته‌ جێگه‌ی گاڵتەجاڕی عێراقییەکان".

فرانس24 باسى له‌چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان كردوه‌ كه‌ هێرشیانکردۆتەسەر ئەو پاڵێوراوانە بەوەی "دەیانەوێت بەڕێگای بێماناو هەرزان دەنگی هاوڵاتیان بکڕن، لەجیاتی ئەوەی بەرنامەی سیاسیی‌و هەڵبژاردنیان بۆ بەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەران پێشکەشبکەن‌و بڕوایان پێبهێنن ڕوو لەسندوقەکانی دەنگدان بکەن‌و دەنگیان پێبدەن".

ئەو چالاکانە ئاماژەیان بەوەشکردوە، "ئەوە ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخە سیاسیه‌یە کە ئەو وڵاتەی پێگەیشتوە".

لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەشدا باس لەوەکراوە، بەشێکی زۆر لەپارت‌و کەسایەتییە سیاسییەکان بایکۆتی هەڵبژاردن‌و چونەسەر سندوقی دەنگدانیان کردوە، لەبەرئەوەی ترسیان لەئەنجامدانی ساختەکاریی‌و بونی گەندەڵیی لەنێوان پاڵێوراواندا هەیە، ئەوە جگە لەبڵاوبونەوەی چەک‌و پارەی گەندەڵی لایەنە سیاسییە دەستڕۆیشتوەکان".