شارپرێس:
یەکێک لەسزا پێشبینیكراوهكانى ئەمریکا بۆ سهر تورکیا ئاشكرادهكرێت، توێژەرێکی دیاری تورکیش ئەو بوارانەی دیاریکردوە کە ئەمریکا دەتوانێت بەهۆیەوە زیان بەتورکیا بگەیەنێت، دهشڵێت:"دیارترینیان بریتییە لەپەکخستنی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی درۆن".
دوای سوربونی تورکیا لەسەر بەردەوامیدان بەهەماهەنگیی سەربازیی لەگەڵ ڕوسیاو هەڕەشەکانی واشنتۆن بەوەی لەحاڵەتی کڕینی چەکی نوێی ڕوسیی ئەوە ئەمریکا سزای نوێ بەسەر ئەنکەرەدا دەسەپێنێت، لهئێستادا نوێترین زانیاریی لهوبارهیهوه ئاشكرادهكرێت.
ئەنگین ئۆزەر توێژەری سیاسیی تورکیاو شیکەرەوەی دیار لەتۆڕی پسپۆڕانی ئەنکەرەو مۆسکۆ لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (ئۆراسیا ئێکسپۆرت) دەڵێت:"ئەمریکا لەچەندین بواردا دەتوانێت سزای تورکیا بدات، پێشبینیشدەکرێت واشنتۆن لەبواری ناردنی کەلوپەلی تایبەت بەدروستکردنی فڕۆکەی درۆنی "بایراکتار"و "ئەلینجی" کە تازە دەستکراوە بەبەرهەمهێنانی، سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێت".
ئۆزەر باسی لەوەشکردوە، تورکیا بەشێکی زۆر لەپارچەکانی بەرهەمهێنانی فڕۆکە درۆنەکانی لەوڵاتانی ئەندام لەهاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسیی وەک (کەنەدا، ئەڵمانیا، نەمساو ئینگلتەرا)و وڵاتانی تر دەکڕێت، هەربۆیە واشنتۆن دەتوانێت تورکیا لەکڕینی ئەو جۆرە پارچانەی دروستکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بێبەشبکاتو بەوەش پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ئەو فڕۆکانە پەکیدەکەوێت".
بەوتەی توێژەرە تورکەکە، جگە لەوە ناتۆ بەڕێبەرایەتیی ئەمریکا دەتوانێت لەڕێگای دورخستنەوەی تورکیا لەسیستەمی ڕاداریی هاوبەش کە لەهەمانکاتدا لەلایەن سەرجەم وڵاتانی ئەندامى هاوپەیمانێتییەکەوە بەکاردەهێنرێت، سزای تورکیا بدات.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی "سی بی ئێس"ی ئەمریکی جەختیکردەوە، تورکیا ژمارەیەکی تر لەسیستەمی بەرگری ئاسمانیی S-400ی ڕوسیی دەکڕێتو بۆ بەدەستهێنانی هەر جۆرە سیستەمێکی بەرگری کە خۆی دەیەوێت پرس بەکەس ناکات.
ئەردۆغان لەبەشێکی تری قسەکانیدا وتبوی:"ئەنکەرەو مۆسکۆ جگە لەبابەتی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی، لەچەندین بواری بەرگرییو بوارەکانی تریشدا دەستپێشخەرییان دەبێت".
ڕۆژنامە ڕوسییەکە پێشبینیکردوە، تورکیا گرنگی بەکڕینی فڕۆکەی هێلیکۆپتەری جەنگیی جۆری Ka-52ی ڕوسیی یان فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوەی ڕوسی بدات، ئەوە جگە لەئەگەری پەنابردنی تورکیا بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگیی لەجۆری سو-35 یان سو-57.