فیلمی سینەمایی کوردی "زاڵاوا" لە ئەمەریکا خەڵاتێکی بەدەستهێنا

هەمەڕەنگ

03/10/2021‌ 628 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "میهر"ی ئێرانی، فیلمی سینەمایی کوردیی "زاڵاوا" کە لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد، ئەرسەلان ئەمیرییە خەڵاتی هەژدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "فانتاستیک فێست"ی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەدەستهێناوە.

فیلمی سینەمایی "زاڵاوا" Zalava لە دەرهێنانی سینەماکاری کوردی رۆژهەڵات "ئەرسەلان ئەمیری" لە سێیەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "شەپۆلی دوایی" Next Wave لە هەژدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "فانتاستیک فێست" Fantastic Fest لە وڵاتی ئەمریکا نمایشکرا و توانی خەڵاتی ئەم بەشەی ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە بەدەستبێنێت.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فانتاستیک فێست" کە گەورەترین فێستیڤاڵی ژانڕە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هەموو ساڵێک ئەو فیلمانەی کە لە ژانری تۆقێنەر، فانتازیا، زانستیی، خەیاڵ و ئەکشن پێکهاتوون لە سەرتاسەری جیهان دەستنیشان دەکات و بە مەبەستی ڕێزلێنان لەو فیلمانەی کە بە چیرۆکی نوێ و پڕکێشەوە سازکراون، بە عاشقانی هونەری سینەما دەناسێنێت.

"زاڵاوا" لە نووسینی هاوبەشی خاتوو "ئایدا پەناهەندە"، خاتوو "تەهمینە بەهرام" و "ئەرسەلان ئەمیری"، بە هاوڕێیەتی لەگەڵ 8 فیلمی هەڵبژاردە لە ژانرە جۆراوجۆرەکاندا لە وڵاتانی ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەندۆنیزیا، سوید، ئەفریقای باشوور، سێنیگال، پورتوگال و بەلژیکا لە ڕۆژانی 23 تا 30ی سێپتەمبەری 2021 لە شاری ئاستین لە ویلایەتی تەکساس نمایشکرا و لە دەرئەنجامدا لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "شەپۆلی دوایی" Next Wave بە ناونیشانی باشترین فیلم هەڵبژێردرا و سێیەمین خەڵاتی جیهانیی خۆی بەدەستهێنا.

ئەم فیلمە کوردییە لە بەرهەمهێنانی خاتوو "سەمیرا بەرادەری" و "روحوڵڵا بەرادەری" پاییزی ساڵی ڕابردوو لە گوندی شیان سەر بە شاری سنە و خوڕەمڕوود لە پارێزگای هەمەدان لە 49 ڕۆژدا بەبەشداریی لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئێران بەرهەمهاتووە، لەوانە: نەوید پوورفەرەج، پووریا ڕەحیمی سام، خاتوو هودا زەینوالعابدین، باسیت ڕەزایی، شاهۆ ڕۆستەمی، فەرەیدوون حامیدی، ساڵح ڕەحیمی و زاهید زەندی، ئەوە جگە لە ئەکتەرەکانی شانۆ و تەلەڤیزیۆنی کوردستان.

"باس لەوەشکراوە کە فیلمی زاڵاوا" کە لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی دانیمارکی "لیولک" LevelK لە ئاستی جیهاندا بڵاودەبێتەوە، لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "هەفتەی ڕخنەگران" Critics' Week لە حەفتاوهەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیس" Veniceلە شاری ڤێنیسیا لە وڵاتی ئیتالیا نمایشکرا و لە لایەن بینەرانی سینەما و ڕەخنەگرانەوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا و توانی خەڵاتی "فیپڕشی" FIPRESCI واتە "فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی ڕخنەگرانی سینەما" بە ناونیشانی باشترین فیلمی سێ بەشی "ڕۆژەکانی ڤێنیس" و هەروەها خەڵاتی گەورەی "هەفتەی ڕەخنەگران" بەدەستبێنێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی