پێشکەوتنی گەورە لەبواری چارەسەری شێرپەنجەی سییەکان ڕادەگەیەنرێت

تەندروستی

04/10/2021‌ 913 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتە پزیشکییەکان ئاشکراکرد، یەکێک لەو دەرمانانەی ئێستا لەدەرمانخانەکاندا بەردەستە، ڕەنگە وەرچەرخانێکی گەورە لەچارەسەرکردنی نەخۆشیی شێرپەنجەی سییەکاندا دروستبکات، ئەویش دوای ئەوەی لێکۆڵینەوە زانستییەکان ئەوەیان سەلماند کە ئەو دەرمانە توانایەکی گەورەی لەبەرەنگاربونەوەی گرێ شێرپەنجەییەکاندا هەیە.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی پزیشکیی کە لەگۆڤاری "کلینیکاڵ ئەنکۆلۆجی"دا بڵاوکراوەتەوە، ئەو دەرمانە توانای چارەسەرکردنی لەسەدا 80ی گرێ شێرپەنجییەکانی لای ئەوکەسانە هەیە کە پێشتر جگەرەیان نەکێشاوە، بۆ نمونە لەئەمریکا لەسەدا20ی توشبوانی شێرپەنجەی سییەکان کە لەساڵی 2018  گیانیان لەدەستداوە، جگەرەکێش نەبون.

ئەوانەی جگەرەکێش نین، لەڕێگای "جگەرەکێشانی نەرێنی" واتە بەرکەوتنی دوکەڵی کەسانی ترو ژینگەی پیسەوە توشی نەخۆشییەکە دەبن.

لەوبارەیەشەوە تیمێکی زانستیی سەر بەزانکۆی جۆرج واشنتۆن دەڵێت:"بۆ لەناوبردنی ئەو گرێ شێرپەنجەییانە گەیشتونەتە چارەسەر".

توێژەرەکان دەڵێن:"لەنێوان لەسەدا78 بۆ 92ی توشبوانی شێرپەنجەی سییەکان دەکرێت لەڕێگای ئەو دەرمانانەوە چارەسەربکرێن کە ئێستا لەدەرمانخانەکاندا هەیەو لەلایەن ئیدارەی دەرمان‌و خۆراکی ئەمریکییەوە مۆڵەتی پێدراوە، بەڵام ئەوە بۆ ئەوکەسانە دەبێت کە هەرگیز لەژیانیاندا جگەرەکیان نەکێشاوە".

بەپێی پێوەرە پزیشکییەکان، کەسی جگەرەنەکێش ئەو کەسه‌یە کە لەژیانیدا کەمتر لە100 جگەرەی کێشاوە، بەڵام ئەوکەسەی هیچ جگەرەیەکی نەکێشاوە یان کەمتر لەجگەرەیەکی کێشاوە، پێیان دەوترێت کەسی هەرگیز جگەرە نەکێش.

و: ئاکۆ ئاڵی