شارپرێس:
بهگوێرهى ئەنجامی ڕاپۆرتی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ، لەنێوان ساڵی 1950 بۆ ساڵی 2020 زیاتر لە200 هەزار منداڵ لەلایەن پیاوانی ئایینی کاسۆلیکەوە دەستدرێژیی سێکسیان کراوەتەسەر، ڕاپۆرتهكه دهڵێت:"ئەگەربێتو دەستدرێژیی فەرمانبەرە مەدەنییەکانی ناو دامهزراوەی کڵێسای کاسۆلیک لەو وڵاتە هەژمار بکرێت، ئەوە ژمارەی ئەو منداڵانەی لەو ماوەیەدا دەستدرێژیی سێکسیان کراوەتەسەر لە 330 هەزار منداڵ تێپەڕدەکات".
مارک سۆفیە سەرۆکی لیژنەکە کە ئەنجامەکانی ڕاپۆرتەکەی لەبەرامبەر کۆمەڵی قەشە کاسۆلیکییەکان لەفەرەنساو بەرپرسی کۆمەڵەی قوربانییەکان ئاشکراکرد ڕایگەیاند، "ئەو ژمارەیە هەر تەنها نیگەرانکەر نییە، بەڵکو ترسناکەو پێویستی بەجوڵەیەکی یەکلاکەرەوە هەیە".
سۆفیە کە لەساڵی 2018وە سەرۆکایەتیی لیژنە سەربەخۆکەی لەئەستۆ گرتوە باسی لەوەکردوە، تاوەکو سەرەتای دوو هەزارەکانیش کڵێسای کاسۆلیک بێخەمییەکی قوڵ تەنانەت دڵڕەقانەشی بەرامبەر بەقوربانییەکان پیشاندابوو، بەشێوەیەک لەساڵی 1950 تاوەکو دەیەی یەکەمی ساڵی دوو هەزارەکان، کەس ئامادەنەبوو گوێ لەقوربانییەکان بگرێت یان بڕوایان پێبکات.
لای خۆیشیەوە کڵێسای کاسۆلیلی فەرەنسی ڕایگەیاند، "بەرامبەر بەئەنجامەکانی ڕاپۆرتەکە هەست بەشەرمەزاریی دەکاتو داوای بەخشینیش لەقوربانییەکان دەکات".
بەشێوەیەک ئیریک دوو مۆلان بۆڤۆر سەرۆکی کۆمەڵەی قەشە کاسۆلیکەکانی فەرەنسا وتویەتی:"لەمڕۆژەدا دەمەوێت داوابکەم لێمان ببورن، یەک بەیەک داوای لێبووردنتان لێدەکەین".
و: ئاکۆ ئاڵی