هەپەگە کوشتنى سێ سەربازی تورکی لە ئاڤاشین ڕاگەیاند

کوردستان

13/10/2021‌ 342 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە  ڕایگەیاند، گەریلاکانیان لە ئاڤاشین چالاکیی بەزەبریان دژی سوپای تورکیا ئەنجامداوە و بەلایەنیکەمەوە لەو چالاکییەدا سێ سەربازی سوپای توركیا كوژراون.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە ئاماری دوو ڕۆژی ڕابردووی شەڕوو پێكدادانەكانیانی لەگەڵ سوپای توركیا بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، گەریلاکان لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی هەڵۆکانی زاگرۆسدا ڕۆژی ١١ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٠٩:٠٠ لە قەڵای بەدەوێ چالاکییان لەدژی سەنگەرێکی تۆپهاوێژی سوپای توركیا ئەنجامداوە،  لە ئەنجامدا سێ سەرباز كوژراون و چەکێکی تۆپهاوێژ و سەنگەرەکەش خاپوورکراون.

هەپەگە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەو چالاکییە بۆ یادکردنەوەی شەهید جومالی چۆروم ئەنجامدرا، کە بەهۆی هێرشی چەکی کیمیاییەوە شەهیدبووە و هەروەها بۆ تۆڵەی شەهیدانی وەرخەل-یش بووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە،  فڕۆکە جەنگییەکانی توركیا  ڕۆژانی ١١ و ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ پێنج جار ناوچەکانی چیای ڕەش، دۆڵی هەڤاڵ جومعە، چەمی لۆلان، سنین، گردی مۆزەلا و ناوچەی وەرخەل بۆردوومانکردووە.
س.س