لەسەر دۆسیەی كوشتنی كەسێك تۆمەتبارێك دەستگیركرا

کوردستان

14/10/2021‌ 1288 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی تاسڵوجە بەهاوكاری بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕین لەسەر دۆسیەی كوشتنی كەسێك تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد.


به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، "دوای ئەوەی لەمانگی شوباتی ئەمساڵ هاوڵاتییەك لەناحیەی شۆڕشی سەر بەقەزای چەمچەماڵ كوژراو بكوژەكە بۆ شوێنێكی نادیار هەڵات‌و دادوەری لێكۆڵینەوەوە بەپێی مادەی 406 بڕیاری دەستگیركردن بۆ تۆمەتبار (م، ن، ك) دەركرد".

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە سەرجەم بەش‌و بنكەكانی سەر بەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕاسپێردرا بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار".

باس له‌وه‌شكراوه‌، "دوای لێكۆڵینەوەكان، توانرا شوێنی تۆمەتبار بدۆزرێتەوە كە لەگەڕەكێكی شاری سلێمانی  خۆی حەشاردابوو، توانرا تۆمەتبار دەستگیربكرێت‌و لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامەو دوای تەواوكردنی ڕێكار یاساییەكان، تۆمەتبار ڕادەستی بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ دەكرێتەوە".