شێخ نەهرۆ هۆشداریی لەئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەدات

کوردستان

14/10/2021‌ 12601 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕابەری تەریقەتی كەسنەزانی لەجیهان، چەند تێبینیەكی لەسەر هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆماركردوەو ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان ڕەنگە ببێتە مایەی شەڕو كوشتار".


شێخ نەهرۆ له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕایگەیاندوە، "ڕێژەی زۆری بەشدارینەكردنی هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، پرۆسه‌ى سیاسیی دەخاتە ژێر مەترسی لەدەستدانی شەرعیەت‌و ناڕەزایی دەربڕین لەئاستی هەڵبژاردنەكان‌و ڕازینەبون بەئەنجامەكانی، ئەوەش وادەكات ڕەنگە هەندێك كەس دانی پێدانەنێن، ئەمەش دەمانخاتە بەردەم ئەو مەترسییانەی دواتر دێنە پێشەوە".

شێخ نەهرۆ كەسنەزانی ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، "دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان خوانەخواستە ڕەنگە ببێتە مایەی هەڕەشەو ناڕەزایی‌و پشێویی‌و توندوتیژیی‌و شەڕو كوشتار، بەمجۆرەش دەگەڕێینەوە گۆشەی وێرانكاریی‌و لەناوچون‌و جیابونەوە".

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ داوای لەزانایان‌و بیرمەندانی گەلی عێراق كردوه‌، هەوڵی نەهێشتنی كەوتنەوەی ئاگری فیتنە بدەن.