وشکەساڵی ئەمساڵی عێراق لەماوەی 40 ساڵی ڕابردودا وێنه‌ى نه‌بوە

عیراق

16/10/2021‌ 4380 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرنامەی خۆراکی جیهانیی هەرچەندە بەدوریزانیوە قەیرانێکی قوڵی خۆراک لەعێراقدا بونی هەبێت، لەهەمانکاتیشدا ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو بێ بارانی‌و وشکەساڵییەی عێراقی گرتۆتەوە لەماوەی 40 ساڵی ڕابردودا وێنەی نەبوە.


عەلی ڕەزا قورەیشی نوێنەری بەرنامەی خۆراکیی جیهانیی لەعێراق لەچاوپێکەوتنێکدا  دەڵێت:"ئابوری عێراق توشی چەندین شۆک‌و قەیرانی قوڵ هاتوە، لەدیارترینیان دابەزینی نرخەکانی نەوتی خاو بەهۆی کاریگەرییەکی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەوە جگە لەدابەزینی بەهای دیناری عێراقیی لەمانگی کانونی یەکەمی ڕابردوو کە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر ئاسایشی خۆراکیی خێزانە هەژارەکانی عێراق هەبوە".

بەرپرسەکەی بەرنامەی خۆراکیی جیهانیی هەروەک وتویەتی:"دیاردەی وشکەساڵی بەهۆی کەمی بارانبارینەوە کاریگەریی لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی لەعێراقدا هەبوە، بەشێوەیەک وەرزی ڕابردوو بەتێکرایی ئاستی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە بەڕێژەی لە38% کەمیکردوە، بەشێوەیەک پارێزگایەکی وەک نەینەوا بەڕێژەی لە70% ئاستی بەرهەمهێنانی دانەوێڵەی کەمبۆتەوە، جگەلەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لەهەرێمی کوردستان بۆ نیوە دابەزیوە.

قورەیشی ئاماژەی بەوەشکردوە، بەرنامەی خۆراکیی جیهانیی لەمانگی نیسانی ڕابردوەوە سیستەمی چاودێریکردنی برسێتیی لەعێراق داناوە بۆئەوەی لەڕێگای زانینی بەهای کەلوپەل‌و خۆراکە سەرەکییەکان‌و ئاستی بونی دەرفەتی کار لەبازاڕ، چاودێریی کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئاسایشی خۆراک لەعێراق بکات.