شارپرێس:
پارێزگارى هه‌ولێر له‌باره‌ى گرانبونى نرخى غازى ماڵانه‌وه هاته‌ده‌نگ‌و له‌په‌یامێكدا ئاشكرایده‌كات، ژماره‌یه‌ك بریكارى غازیان ده‌ستگیركردوه، ده‌شڵێت:"دۆخەکە کۆنتڕۆڵدەکەین‌و كێشه‌ى گرانیی غازیش چارەسەردەبێت".
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر له‌لێدوانێكدا بۆ میدیاى پارتى ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه، ڕێژه‌ى غازى ماڵان ماوه‌یه‌كه به‌گوێره‌ى پێویست ناگاته پارێزگاكه‌ى‌و بۆ ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان‌و ئەو کۆمپانیایەی غازی شل دابیندەکات لەسەرخه‌تن.
وتویه‌تى:"بەدڵنیاییه‌وه دۆخەکە کۆنتڕۆڵدەکەین‌و كێشه‌ى گرانیی غازیش چارەسەردەبێت،هەندێک بریکاری غازیش دۆخەکەیان قۆستۆته‌وه‌و غازیان گرانکردوە، به‌و هۆیه‌شه‌وه چەند بریکارێکی غاز، نرخیان گرانکردوەو له‌به‌رامبه‌ریشدا دەستگیرکراون".
بۆ ڕێگریش له‌گرانبونى غازى ماڵان پارێزگارى هه‌ولێر ئاشكرایكردوه، "لەمڕۆوە هەموو ئەو بریكارانەى غاز بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەکەن، لەگەڵ هەر ئۆتۆمۆبێلێكدا پۆلیسێك یان فەرمانبەرێك، لەگەڵ غازفرۆشەکە دەبێ، تاوەكو دڵنیایی هەبێت کە بڕی غازی دابین‌کراو لهگەڕەکەکان بەنرخی دیاریکراو بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەكرێت".
به‌گوێره‌ى وته‌ى پارێزگارى هه‌ولێر، ئه‌و پارێزگایه ڕۆژانە پێویستی بە 20 تانکەر غازی شل هەیه، بەڵام لەچەند ڕۆژی ڕابردودا کەمتر لە 16 تانکەریان بۆچوه.