ئازەربایجان چۆن لەهێرشی سەربازیی ئێران ڕزگاریی بوو؟

مەلەفی تایبەت

23/10/2021‌ 4549 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مانگی ڕابردوو پەیوەندییەکانی ئێران‌و ئازەربایجان گرژیان بەخۆیانەوە بینی، بەشێوەیەک باس لەوەدەکرا کە ڕەنگە ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی لەنێوان تاران‌و باکۆدا ڕوبدات، هۆکارەکەشی ئەوەبوو کە تاران ئازەربایجانی بەوە تۆمەتباردەکرد کە ئیسرائیلییەکانی هێناوەتە نزیک سنورەکانی ئێران‌و لەوێوە کردەوەی تیرۆریستی دژ بەئامانجەکانی ئێران ئەنجامدەدەن، هەروەک لەو گەمارۆیەش نیگەرانبون کە ئازەرییەکان بەسەر ڕێگای گواستنەوەی بازرگانیی ئێران-ئارتساخ- ئەرمینییایاندا سەپاندبوو کە بەپێی ئەوە ڕێگای بازرگانیی ئێران بەرەو ئەوروپا مەترسیی دەکەوتەسەر.


بەڵام لەمدواییەدا گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە خاوبونەوەو پەیوەندییەکانیان بەرەو ئاساییبونەوە ڕۆیشتوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "سڤۆبۆدنایا بریسا"ی ڕوسیی، ئازەرییەکان لەڕێگای گرتنەبەری دوو هەنگاوەوە نیگەرانییەکانی ئێرانیان ڕەواندۆتەوەو مەترسیی هێرشی ئێرانیان لەسەر خۆیان لابردوە.

لەڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامە ڕوسییەکەدا هاتوە، "پاشەکشەی گرژییەکانی نێوان تاران‌و باکۆ بێگومان پەیوەستە بەشکانی بەستەڵەکی دیبلۆماسیی نێوانیان، لەوەشدا وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات بەپشتیوانی ڕێبەری وڵاتەکانیان هەوڵێکی چڕوپڕیانداو نەیانهێشت دۆخەکە بەرەو زیاتر گرژبون بڕوات، بەشێوەیەک لەڕۆژی 13ی تشرینی یەکەم، جەهۆن بیرەمۆڤ وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵایان هاوتا ئێرانیەکەیدا گفتوگۆی تەلەفۆنی ئەنجامداوە، کەبەپێی سەرچاوەکان هەردولا گفتوگۆیان لەسەر داواکارییە هاوبەشەکان کردوەو ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ کۆتاییهێنانی قەیرانەکە.

باس لەوەشکراوە، ئازەرییەکان ڕازیبون بەوەی ئەو گەمارۆیە هەڵگرن کە بەسەر ڕێگای ئێران- ئەرتساخ‌و ئێران- ئەرمینیادا هەبوو، واتە بارهەڵگرە ئێرانییەکان بێ دانی هیج جۆرە باجێک بتوانن بەو ڕێگایەدا بێن‌و بچن‌و هیچ جۆرە کۆت‌و بەندێکیان لەسەر نەبێت‌و نەپشکنرێن، واتە وەک دۆخی پێشوو، بەرلەوەی ئازەرییەکان ناوچەی ناگۆڕنۆ قەرەباغ داگیربکەنەوە.

هەروەک ڕۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" لەزاری وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیلەوە گواستویەتییەوە کە تاران‌و باکۆ بەنهێنیی لەسەر بابەتێک ڕێککەوتون، کە وادەردەکەوێت ئازەرییەکان سازشێکیان بۆ ئێرانییەکان کردبێت، ئەوەی ڕونە ئێرانییەکان بەتەواوەتیی لەدانوستانە نهێنییەکان ڕازیین‌و لەبەرژەوەندیاندایە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، دەنگۆی ئەوەش هەیە کە عەلێیڤی سەرۆکی ئازەربایجان داوای لەئیسرائیلییەکان کردوە بنکەی سەربازیی سێچای جێبهێڵن، کە ئێرانییەکان دەڵێن لەوێوە هێرشەکان دژ بەدامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران ئەنجامدەدرێن.

ڕۆژنامەكە نوسیویه‌تى:"ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، ئەوە باکۆ یەکێک لەگرنگترین داواکارییەکانی ئێرانی جێبەجێکردوە".

و: ئاکۆ ئاڵی