پێکوتەی دژە کۆڕۆنای سپرای بەرهەمدەهێنرێت

تەندروستی

12/11/2021‌ 496 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گەورە زانایەکی سەر بە ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانیی رایگەیاندووە کە ڕێکخراوەکەیان چاوەڕێی نەوەیەکی نوێی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەکات کە خۆی لە دەنکۆڵە و سپرای لووتدا دەبینێتەوە.

 سومەییە سوامیناسان خانمە زانای سەر بە ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانیی لەهەژماری تایبەتی ڕێکخراوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕوونیکردۆتەوە کە بەکارهێنانی نەوەی نوێی ڤاکسینی کۆڕۆنا لە کوتان بەدەرزی ئاسانترە و کەسەکان دەتوانن خۆیان بەکاریبهێنن.

تەندرووستیی جیهانی دەڵێت تاوەکو ئێستا لانیکەم پێداچوونەوە بە 129 ڤاکسینی کۆڕۆنادا کراوە کە هەندێکیان لە قۆناغی تاقیکردنەوەی تاقیگەییدان و لەسەر مرۆڤ تاقیکراونەتەوە، هەروەک چۆن 194 ڤاکسین هێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناغی پێشکەوتووی تاقیکردنەوەکان.

پزیشکە هیندییەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەو ڤاکسینانەی لەڕێگای لووتەوە دەدرێن، هاوشێوەی ئەو وڵاتانەی ڤاکسینی دژە ئەنفلۆنزا بەکاردەهێنن، وادەکەن بەر لەوەی ڤایرۆسەکە بگاتە سییەکان لەناویدەبات.

تاوەکو ئێستا ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانیی مۆڵەتی بەکارهێنانی فریاگوزاری بۆ حەوت ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆڕۆناداوە وەک ڤاکسینی فایزەر- بایۆنتیک، مۆدێرنا، ئەسترازینکا، جۆنسۆن ئاند جۆنسۆن، سینۆفارم، سیناڤاک و بەهارات بایۆتیک.

هەروەک بەگوێرەی داتاکان تاوەکو رۆژی سێشەممەی رابردوو، زیاتر لە حەوت ملیار و 250 ملیۆن ژەمە ڤاکسینی دژە کۆڕۆنا لەسەرانسەری جیهان دراوە.
وەرگیران: ئاکۆ ئاڵی