خەوتن چی پەیوەندییەکی بە ڕوودانی سەکتەی مێشکەوە هەیە؟

تەندروستی

13/11/2021‌ 699 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی پزیشکیی ئەوەی دەرخستووە کە ئەوکەسانەی رۆژانە لە هەشت کاتژمێر زیاتر دەخەون، بەراورد بەوانەی رۆژانە لەنێوان شەش بۆ هەشت کاتژمێردا دەخەون زیاتر مەترسیی روودانی جەڵتەی مێشکیان لەسەرە.

لێکۆڵینەوەکە کە لە گۆڤاری پزیشکیی "نیرۆلۆجی" سەر بە ئەکادیمیای ئەمەریکیدا بڵاوکراوەتەوە، تێیدا زاناکان هەڵسەنگاندنیان بۆ مەترسیی تووشبوون بە سەکتەی مێشک لای 32 هەزار کەس کردووە، لەئەنجامدا دەرکەوتووە کە 62 کەسیان بەهۆی زیادەرەویکردنی لە خەوتن لەوانی تر زیاتر مەترسیی تووشبوون بە سەکتەی مێشکیان لەسەر بووە.

ئاماژە بەوە کراوە کە ئەوکەسانەی لەشەواندا 9 کاتژمێر زیاتر دەخەون، بەراورد بەوانەی شەوانە هەشت کاتژمێر کەمتر دەخەون بەڕێژەی لەسەدا 23 زیاتر مەترسیی تووشبوون بە سەکتەی مێشکیان لەسەرە، هەروەک چۆن ئەوانەی لەنیوەڕۆیاندا سەرخەوێکی 90 خولەکی دەشکێنن، بەراورد بەوانەی لەنیوەڕۆدا تەنیا نیو کاتژمێر دەخەون، بەڕێژەی لەسەدا 25 زیاتر مەترسیی تووشبوون بە سەکتەی مێشکیان هەیە.

بەڵام ئەوانەی ماوەیەکی زیاتر دەخەون و لەسەر جێگای خەو دەمێننەوە، بەڵام بەدەست کەمخەوییەوە دەناڵێنن، ئەوە بەڕێژەی لەسەدا 82 مەترسیی تووشبوون بە سەکتەی مێشکیان هەیە.

لێکۆڵەرەکان ئەوەیان روون نەکردۆتەوە کە چۆن زیادەرەویکردن لە خەوتن پەیوەستە بە تووشبوون بە سەکتەوە، بەڵام تێبینی ئەوەیان کردووە کە ئەوکەسانەی زۆر دەخەون ئاستی کۆلیسترۆڵیان بەرزدەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشی جەستە و هەڵکشانی مەترسیی تووشبوون بە سەکتەی مێشک.

و: ئاکۆ ئاڵی