داهاتی محەمەد سەڵاح ئاشكرا كرا

وەرزش

19/11/2021‌ 769 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

راپۆرتێكی رۆژنامەی میرۆری بەریتانی ئاشكرای كردووە، سەروەتی محەمەد سەڵاحی میسری و یاریزانی یانەی لیڤەرپولی ئینگلیزی 90 ملیۆن دۆلارە كە یەكسانە بە 66.9 ملیۆن جونیەی ئیستەرلینی.

لە راپۆرتەكەی میرۆردا هاتووە، سەڵاح لە ریزبەندی پێنجەمی ئەو یاریزانانەیە كە گرانترین موچەیان هەیە و موچەی ساڵانەی 10.4 ملیۆن جونیەی ئیستەرلینییە و بە پاداشتەوە دەگات بە 18.3 ملیۆن جونیە، بەدەر لە موچەی ساڵانەیش  ئەو یاریزانە بە گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكان 11.7 ملیۆن جونیەی دەستدەكەوێت.

گرێبەستی سەڵاح لەگەڵ یانەی لیڤەرپول كە لە ساڵی 2017 ئەنجامدرا و تا ساڵی 2023 بەردوام دەبێت، بە موچەی ساڵانەی 10.4 ملیۆن جونیەی ئیستەرلینی واژۆ كردووە كە دەكاتە 200 هەزار جونیە لە هەفتەیەكدا.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوە كردووە، هاوكات سەڵاح گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای ئەدیداسی ئەڵمانی وەبەرهێنی كەلوپەلی وەرزشی و كۆمپانیای پیپسی بۆ خواردنەوە گازییەكان و كۆمپانیای ڤۆدافۆن بۆ پەیوەندییەكان و كۆمانیای ئۆپەری ئەمریكی بۆ گواستنەوە و كۆمپانیای ئۆپۆ بۆ ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان هەیە.

لەسەروو ئەمانەیشەوە سەڵاح لە تۆڕەكانی فەیسوبوك و ئینستاگرام و تویتەر خاوەنی 73 ملیۆن شوێنكەوتووە، ئەم بینەرە زۆرەیش داهاتێكی با لەلایەن كۆمپانیاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بۆ سەڵاح دەستەبەر دەكات.

رەنج رەسول