رۆژی دادگاییكردنی بێریڤان ئەیوب دیاریكرا

کوردستان

25/11/2021‌ 2180 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس : هەژار ئەنوەر
ئەمڕۆ دادگای كەتنی دووی هەولێر رۆژی دادگاییكردنی دەستگیركراوێكی تری بادینانی دیاریكرد، ئەمەش لەكاتێكدایە ئەم دەستگیركراوە ماوەی ساڵێكە لە زیندانە.

پارێزەر بەشدار حەسەن بە شارپرێسی راگەیاند، دادگای كەتنی دووی هەولێر ڕۆژی 14ی2ی2022 وەك یەكەم ڕۆژی دادگاییكردنی بێریڤان ئەیوب دیاریكردو دادگاییكردنەكەشی بە ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003یە، كە تایبەتە بە تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان.

زیاتر لە 70 چالاكوانی بادینان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دەستگیركراون وبەشێكیان سزادراون، بەشێكیشان هێشتا كەیسەكانیان لە دادگا یەكلایی نەكراوەتەوە، جێگای ئاماژە بۆ كردنە كەیسی دەستگیركراوانی بادینان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی چەندین كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە.