ئەنجومەنى ئاسایشی هەرێم راگەیەنراوێکى لەسەر رووداوەکەى رانیە بڵاوکردەوە

کوردستان

25/11/2021‌ 5598 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەبارەى رووداوی تەقەکردنەکەى رانیە کە بووە هۆی کوژرانى چەند کەسێک راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوەو رایگەیاندوە کە ھێزێکی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا و سەروەریی یاسا بۆ دەستگیرکردنی داواکراو (موراد کانی کوردەیی) لە شاری رانیە بەشێوەیەکی مەدەنی و یاسایی ئەرکی دەستگیرکردنی ناوبراویان پێسپێردرا.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەنجومەنى ئاسایش رایگەیاندوە"سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ ٢٥ی ١١ی ٢٠٢١ ھێزێکی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا و سەروەریی یاسا بۆ دەستگیرکردنی داواکراو (موراد کانی کوردەیی) لە شاری رانیە بەشێوەیەکی مەدەنی و یاسایی ئەرکی دەستگیرکردنی ناوبراویان پێسپێردرا، لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە موراد کانی کوردەیی و پاسەوانەکانی کە لەگەڵیدا بوون رووبەڕووی ھێزەکە دەبنەوە کە لەکاتی ئەرکدا بوون بۆ جێبەجێکردنی سەروەری یاسا، کارمەندێکی ئەمنی بە ناوی (شامل زرار ئیسماعیل) شەھید دەکەن و سێ کەسی تریش بریندار دەکەن".

ئاماژە بەوەشکراوە کە لەئەنجامی وەڵام و دەستپێشخەری یاساشکێنان و ھەڵھاتوان موراد کانی کوردەیی و دوو لە پاسەوانەکانی دەکوژرێن.

هەروەها ئەنجومەنى ئاسایش ئەوەشى خستووەتەڕوو کە دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچوون دەکەن بۆ دەستگیرکردنی ھەموو ئەو تۆمەتبارانەی پەیوەستن بەم رووداوەوە و لەدادگا ھەڵھاتوون و سەرجەم تۆمەتباران راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن.