ئەکادیمیایەکی رووسی: تەنیا فیدراڵی کوردانی سوریا رزگار دەکات

کوردستان

26/11/2021‌ 2263 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ناوەندی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لە پەیمانگای ئابووری جیهانیی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی سەر بە ئەکادیمیای زانستە رووسییەکان دەڵێت کوردەکانی سوریا تەنیا لەڕێگای بەفیدراڵیکردنی سوریاوە دەتوانن لە بەرداشی نێوان تورکیا و دیمەشق رزگاریان ببێت.

ستانیسلاڤ ئیڤانۆڤ، گەورە توێژەری پەیمانگاکە لە بابەتێکدا دەڵێت" جارێکی تر میدیاکانی رووسیا دەستیانکردەوە بە هێرشکردنە سەر کوردەکانی سوریا، وەک ئەوەی تۆمەتباریان دەکەن بە جوداخواز کە نایانەوێت پارێزگاریی لە یەکێتیی خاکی سوریا بکەن، لەکاتێکدا بابەتەکە بەتەواوەتیی بەپێچەوانەی ئەوەوەیە.

نووسەر ئاماژەی بەوەشکردووە کە هیچکات کوردەکان دانوستانیان لەگەڵ دیمەشق رەتنەکردۆتەوە، بەڵکو ئەوان دەڵێن ئامادەن لەداهاتوودا هەماهەنگیی لەگەڵ هەر حکوومەتێک لە دیمەشق بکەن بەمەرجێک دان بە ماف و ئازادییەکانیاندا بنێن و پارێزگاریی لە سەربەخۆییە ئابووریی و رۆشنبیرییەیان  بکەن کە لە جەنگدا بەدەستیان هێناوە.

دەشڵێت ڕژێمی دیمەشق داوای چەکدانان لە کوردەکان دەکات و دەڵێت بێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە دەبێت دەست بەسەر خاک و سامانەکانیاندا بگرێت، لەکاتێکدا تورکیا سیاسەتێکی زۆر دوژمنکارانە بەرانبەر بە کورد دەگرێتەبەر و بەشێکی زۆری خاکی کوردانی سوریای داگیرکردووە.

ئیڤانۆڤ پێیوایە ئەو کارو کردەوانەی تورکیا و ڕژێم دەیکەن تۆخکردنەوەی دابەشکردنی سوریایە بۆچەند کانتۆنێکی سەر بە ئێران، سەر بە تورکیا، کوردی-عەرەبیی سەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

توێژەرە روسییەکە پێیوایە دەکرێت سەرکردە کوردەکان ئەڵقەی سەرەکیی پارێزگاریی سوریابن وەک دەوڵەت و ئەڵقەی پەیوەندیی نێوان عەرەبە عەلەوییەکان و عەرەبیی سوننەبن، هەروەک چۆن لە عێراقی دراوسێشدا هەمان بابەتە.

لەکۆتاییدا توێژەرەکەی ئەکادیمیا رووسییەکە وتویەتی: کاتی ئەوە هاتووە ستایشی بوێری و ئازایەتیی کوردانی سوریا بکرێت و لەو تۆمەتانە دووربخرێنەوە کە هیچ بنەمایەکی راستیان نییە و لە بەدەستهێنانی پێگەیەکی شیاو لە ئایندەی سوریا و ناوچەکە هاوکاریا ن بکرێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی