پارەیەکی زۆری حکومەتی هەرێم لە لوبنان دەستی بەسەردا دەگیرێت

ڕاپۆرت

10/12/2021‌ 3767 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بۆ دوەم جار کۆمپانیای دیلۆیت لە راپۆرتەکانیدا ئاماژەی بە بڕە پارەیەکی زۆری دەست بەسەرداگیراوی حکومەتی هەرێم کرد کە لە بانکەکانی لوبنان دەستی بەسەردا گیراوەو ڕێگە نادرێت هیچ جموجولێکی دارایی پێوە بکرێت و بچێتە دەرەوەی وڵاتیش.

حکومەتی هەرێم خۆی لێ بێدەنگ کردوەو هیچ هەنگاوێکی دیار نییە بۆ لابردنی ئەو هەنگاوەی بانکە لوبنانینەکان و نازانرێت چارەنوسی پارەکەش بە کوێ دەگات.

کۆمپانیای دیلۆیت  بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی لەبارەی داهاتی دەستبەسەرداگیراوی نەوتی هەرێم لە بانکەکانی لوبنان، جارێکی دیکە پرسەکەی وروژاند و لەگەڵ خۆیدا ناوی مورتەزا لاخانی، گەورە دەڵاڵی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ بازاڕەکانی جیهان زیندوو کردەوە.

لەماوەی ڕابردوودا داهاتی نەوتی کوردستان ڕاستەوخۆ نەدەچووە سەر حسابی بانکی حکومەتی هەرێم بەڵکو دەچووە سەر حسابی بانکیی کۆمپانیایەکی سەربە بازرگانێکی نەوتی پاکستانی بە ناوی مورتەزا لاخانی، لەوێوە بەشێک لەم پارەیە دەدرا بە حکومەتی هەرێم و ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی کە  لە هەرێم کار دەکەن.
ئەو سکانداڵە کاتێک ئاشکرا بوو کە بانکێکی لوبنانی نزیک لە بنەماڵەی حەریری یەک ملیار دۆلاری کۆمپانیای لاخانیان بلۆک کرد، بەشە زۆرەکەی ئەو پارەیەش، پارەی هەرێمی کوردستانە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کات هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەستبەسەرداگرتنی داهاتی نەوتی هەرێم لە لوبنان بابەتەکەی ڕەتکردەوە و وای نیشاندا هیچ پارەیەکی حکومەتی هەرێم لە سەر ئەژماری هیچ کەسێک بەو ناوەوە نییەو هیچ برە پارەیەکیشی دەستی بەسەردا نەگیراوە، بەڵام ڕۆژی چوارشەممە لە نوێترین ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیتدا جارێکی تر ئەوە هاتووە، لە کۆتایی چارەکی یەکەمی ساڵی 2021 بڕی 294 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و 310 ملیۆن یۆرۆ لە داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەژماری بانکیی لوبنان گلدراوەتەوە.

 تاوەکو ئێستا بانکەکان لە لوبنان بەردەوامن لە سەپاندنی کۆتوبەند لەسەر جموجۆڵی دراوی بیانی بۆ دەرەوەی وڵات و لەو چوارچێوەیەشدا ئەو بڕە زۆرە لە پارەی حکومەتی هەرێم دەستی بەسەردا گیراوەو نە حکومەتی هەرێم و نە کۆمپانیاکانی بواری نەوت کە مامەڵەیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە ناتوانن هیچ جوڵەیەک بەو پارەیە بکەن.

بەردەوام ژمارەیەک پەرلەمانتاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە میدیاکان باسیان لە نادیاری و ناڕونی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان کردوەو لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە بابەتی راگرتنی پارەی نەوتی هەرێم لە بانکەکانی لوبنان بوە باسێکی گەرمی نێو میدیاکان و وا بۆ جارێکی تریش هەمان بابەت هەم لە راپۆرتەکانی کۆمپانیا فەرمیەکان و هەم لە بەدواداچونی پەرلەمانتار و میدیاکاندا دەبێتەوە بابەتەتێکی گەرم، ئەوەی گرنگە ئاخۆ وەلامی حکومەتی هەرێم و رێکارەکانی چی دەبن بۆ رونکردنەوەو خستنەڕوی ئەو باسەو چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە دەکات.

دیلۆیت کۆمپانیایەکی ئەمریکییە بۆ وردبینیکردن و چاودێریکردنی نێودەوڵەتی، ئەم کۆمپانیایە کە ئێستا گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە بۆ وردبینیکردنی داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێم، ناوەڕاستی ئەمساڵ ئاشکرا بوو کە پەیوەندی بە گەندەڵی سندوقی گەشەپێدانی گشتیی لە مالیزیا هەیە و سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە، نەجیب رەزاق-یش لە دۆسیەکەی تێوەگلاوە، هەربۆیە کۆمپانیای دیلۆیت بڕیاری دادگای مالیزیای قبوڵکرد بە قەرەبووکردنەوەی حکومەتی مالیزیا بەبڕی 80 ملیار دۆلار، واتە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیایەک گرێبەستی کردوە بۆ وردبینی کردنی راپۆرتەکانی بواری وزە کە لەگەندەڵییەوە تێوەگلاوە.