مەترسییەکانی دابەزينی بەهای لیرە لەسەر هەرەسهێنانی ئابوریی تورکیا

جیهان

13/12/2021‌ 1287 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئه‌مریكی ڕاپۆرتێکی سەبارەت بەدابەزینی بەهای لیرەی تورکیی‌و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاستی بژێوی دانیشتوان‌و مەترسیی هەرەسهێنانی ئابوری تورکیا بڵاوکردۆتەوەو تێیدا باسی لەوەکردوە، قەیرانی  ئابوریی ئەمجارەی تورکیا بەتەواوەتیی لەقەیرانەکانی پێشوتری ئەو وڵاتە جیاوازە.


لەبابەتی ڕۆژنامەکە ئه‌مریكییەکەدا هاتوە، دابەزینی لەسەدا 45ی بەهای لیرە لەمساڵدا ئاستی هەژاریی هاوڵاتیانی تورکیای زیاتر کردوە، لەکاتێکدا لەناو حکومەتەکەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغاندا هیچ کەسێکی تێدانییە توانای ئەوەی هەبێت ڕەخنە لەسیاسەتەکانی ئەردۆغان بگرێت.

بەرپرسێکی پێشوی وەزارەتی دارایی تورکیاو سندوقی نەختی نێودەوڵەتیی‌و بانکی نێودەوڵەتیی دەڵێت:"لەئێستادا لەتورکیا هەژارکردنێکی گشتیی هەیە، بەدڵنیاییه‌وه‌ ئەمجارە تورکیا لەقەیرانی دراو ڕزگاری نابێت".

دەشڵێت:"بانکە تورکییەکان تاوەکو ئەمڕۆ توانیویانە بەرامبەر بەقەیرانی دابەزینی بەهای لیرە خۆیان ڕابگرن، بەڵام ئابوریناسان ترسی ئەوەیان هەیە ئەگەربێت‌و بەهای لیرە زیاتر دابەزێت، ئەوە حکومەت توانای دانەوەی قەرزە دەرەکییەکانی نەمێنێت".

باس لەوەشکراوە، لایەنە بەرهەڵستکارەکانی تورکیا ڕەگی کێشە مەترسیدارەکانی ئێستای ئەو وڵاتە بەکڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی S-400ی ڕوسییەوە دەبەستنەوە، وەک ئەوەی لەماوەی ڕابردودا ڕۆژنامەی "سۆزجو"ی تورکی چاوپێکەوتنێکی شوکرو ئەلکداغی دیبلۆماتکاری پێشوی تورکیای بڵاوکردەوە کە چەند ساڵێک لەمەوبەر پێشبینی ئەوەیکردبوو، "بەهۆی هەماهەنگیی تەکنیکی سەربازیی لەگەڵ ڕوسیا ئه‌مریكییەکان سیستەمی ئەردۆغانییەت لەتورکیا لەبەین بەرن".

ئەو دیبلۆماتکارەی پێشوی تورکیا دەڵێت:"چیتر ئەردۆغان ناتوانێت لەیەک کاتدا یاریی لەسەر هەردوو پەتی ڕوسیاو ئه‌مریكادا بکات، لەبەرئەوەی ڕێبەری هەردوو وڵات بەهێمنیی کورسییەکەیان لەژێری سەرۆکی تورکیا ڕاکێشاوەو ئێستا ئەردۆغان بەسەر زەویدا کەوتوە، وەک ئەوەی لەکۆبونەوەکەی سوچیدا پۆتین زۆر بەتوندی بەڕوی ئەردۆغاندا وەستایەوە کاتێک داوایکرد واز لەئیدلب بینێت، بەوپێیەی ئەو ناوچەیە ناوچەیەکی جێی هەژمونی تورکیایە لەسوریا، هەروەک بایدنیش ئامادەنەبوو لەدەستتێوەردانە دەرەکییەکاندا هاوکاری تورکیا بکات".

ڕۆژنامەکە دەڵێت:"ئەوەی ڕونە ئەوەیە کە کۆشکی سپیی لەنزیکەوە چاودێری کارەساتی هەرەسهێنانی ئابوری تورکیا دەکات، کارەساتێک کە دەستکردنی ئه‌مریكا خۆیەتی، واتە بەکورتی ئه‌مریكییەکان بەگوێی سوڵتانی تورکیادا دەچرپێنن: دەستبەرداری قەیسەری ڕوسیابەو لەبەرامبەردا باشترین دراوی جیهان کە دۆلارە بەدەستبهێنە".

لەکۆتاییدا ئەو پرسیارە کراوە: تورکیا چۆن بەکرداری باجی کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S-400Y  ڕوسیا دەدات؟