هەولێر یارییەکە دەباتەوە.. حکومەت و حزبەکان پشت دەکەنە سلێمانى

کوردستان

13/12/2021‌ 3930 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەرچەندە هەرێمێکە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام بە ئەندازەی دەوڵەتی عێراق حزبی سیاسی جیاوازی تیادایە، لە چەپەوە بۆ ئیسلامیی و، لە ڕادیکاڵەوە بۆ میانڕەو، بەڵام مەیدانی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان چۆڵکراوە، یان ڕاستتر بڵێین حزبەکانی دیکە ڕۆڵیان لەسەر شانۆی سیاسی هەرێم هەیە، بەڵام زۆرکات پارتی ڕۆڵەکەیان بۆ دیاریدەکات، خۆ ئەگەر لە دەرەوەی خواستی پارتی ڕۆڵبگێڕن، ئەوا ڕاستەوخۆ ڕۆڵەکەیان لێ تێکدەدرێت، نمونەی بزوتنەوەی گۆڕان لە قۆناغی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، دەشێ زیندوترین نمونەی ئەم جۆرە ڕۆڵگێرانە بێت

لەڕووی پێگەی جەماوەری و هێزەوە، حزبەکانی دەرەوەی پارتی بەشێکیان هەم جەماوەر و هەم چەک و پارەشیان لەبەردەستدایە، بەڵام هەولێر بووەتە سەنتەری بڕیاری و حزبەکانی تریش کە قوەرساییەکەیان لە سلێمانییە خەریکی ململانێ و کێشە ناوخۆیییەکانیانن و گۆرەپابەکەیان چۆڵکردوە بۆ پارتی.
هەرچەندە هەرێمی کوردستان خاوەنی سێ سەرۆکایەتی باڵایی شەرعییە (سەرۆکایەتی هەرێم، پەرلەمان و حکومەت) بەڵام ئەوەی لە جموجوڵە سیاسییەکاندا دەبیندرێت مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە

بارزانی لەگەڵ سوونەکانی عێراق لە ڕۆژانی ڕابردوو رێککەوتنی ئەنجامداوە لەبارەی سەرۆکی پەرلەمانی عیراقەوە، هاوکات بڕیاریداوە، پشتگیری دانانەوەی حەلبوسی سەرۆکی ئێستای پەرلەمان بکات، یان هەر کاندیدێکی تر کە خەمیس خەنجەر و حەلبوسی رەزامەند بن بە دانانی... لەکاتێکدا ڕێگەی سەرکردە سوننەکان بە ماڵی سەرکردەکانی یەکێتیشدا تێپەڕی، بەڵام گڵۆپی سەوزەکە لەلایەن پارتیەوە هەڵکرا نەک بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتی.

هەرچی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقە، بارزانی لەگەڵ موقتەدا سەدر، خاوەنی زۆرترین کاندیدی دەرچووی پەرلەمانی گفتوگۆی گردوەو گەشتوە بە لێکتێگەیشتن، پشتگیری کاندیدی سەدر دەکات بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لەئەگەری بوونی رکابەری تردا، ئەوا بارزانی نایەوێت سەنگی کورد بۆ ململانێ دژی سەدر و کاندیدەکەی بەکاربهێنرێت

هەرچی پۆستی سەرۆکی کۆماری عیراقە، پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ناڕاستەوخۆ لەرێگەی میدیاکانەوە، پەیامی خۆی داوەتە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، دەیانەوێت رێککەوتنی لەبارەوە بکرێت، پارتی دیموکراتی کوردستان، دەیانەوێت لەناو ماڵی کوردیش ئەو پۆستە بۆ خۆیان بە دەستبهێنن، یان لەبەرامبەریدا هەندێک دەستکەوتی زیاتر بە دەستبهێنن، وەک پۆستی پارێزگاری کەرکوک

یەکێتی وەک هێزی دووەمی هەرێمی کوردستان کە بەردەوام بانگەشەی ئەوەدەکات پەیوەندییەکی تۆکمەی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان هەیە، بەڵام کاتێک باسەکە دێتە سەر یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنوسسازەکان، لایەنە عێراقییەکان لەگەڵ پارتی یەکلایی دەکەنەوە و پاشان کورد وتەنی "پرسە گورگانەکە بە یەکێتی دەکەن

هەرچی گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵی دادگەرییە، ئەوەندە دەنگیان نەهێناوە تا بتوانن پارسەنگیان هەبێت لەسەر دانانی نەخشەی سیاسی عیراق و دابەشکردنی پۆستەکان... ئەگەر لەڕابردووشدا دەنگی بەرچاویان هێنابێت، ئەوەی لەبەغدا بەدەستیانهێناوە سەرەتا گڵوپی سەوزی پارتی بۆ هەڵکراوە، نمونەش بۆ ئەوە کاتێک بوو کە گۆڕان بە ئۆکەی پارتی لە خولی پێشووتری پەرلەمانی عێراق پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی وەرگرت
نەوەی نوێش وەک هێزێکی نوێ بۆ دووەمین جارە کاندیدی دەرچوو دەنرێتە بەغدا، بەڵام، بەشێوەیەکی گشتی خۆی لەباسی دابەشکردنی پۆستەکانی عیراق دەبوێرێت، بەشداری حکومەتیش ناکات... هاوکات دیدێکی ڕوونیشی نییە کە لەبەغدا دەیەوێت چی بکات؟

هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی عیراق، تەنها دوو پارتی لە مەیدانەکە لە کوردستان هێشتووەتەوە، ئەوانیش یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانە، یەکێتی پاش کۆبوونەوەیەکی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ مەسعود بارزانیدا، دوای ئەوە هیچ هەنگاوێکی سیاسی و دیپلۆماسی نەناوەوە لەگەڵ کەسی تر کۆنەبووەتەوە... بەڵام بەرپرسانی هەردوولا کاتێک لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەردەکەون باس لەوەدەکەن، بەڕێککەوتن لەنێو خۆیاندا دەچنە بەغدا
ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت یان لەسەر هەموو شتێک رێککەوتوون و پارتی نوێنەرایەتی یەکێتیش دەکات، یان هیچ رێککەوتنێکیان نەکردووە و پارتی تاک لایەنە مانۆڕی خۆی دەکات، یەکێتیش هێندەی سەرقاڵی کێشەی ناوخۆیی یەکلانەکراوەیە، هێندە سەرقاڵی ئەوە نییە کە ڕۆڵی لە ئاڕاستەکردنی گفتوگۆی پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی عێراق هەبێت

دیووی دووەمی، رەخنەکانی چاودێرە سیاسیەکان، لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە، لەم کاتەدا کە بەهێزە و توانای مامەڵە کردنی هەیە بەسەرجەم پۆستەکانی پشکی کوردەوە، پێویستە یەکڕیزی نیشتیمانی بخوێنێتەوە لەبەر بەرژەوەندی گشتی، پارتەکانی تر کۆبکاتەوە بەشداری دەسەڵاتیان پێ بکات نەک لە کاتێک خۆی لاوازە پارتەکانی تر تەنگی پێ هەڵدەچنن داوای یەکڕیزی نیشتیمانی دەکات، لە ئێستا ئەگەر تەماشای میدیاکانی پارتی بکەیت ئەوەندەی باسی هەواڵی چنینینەوە غەنیمەی هەڵبژاردن دەکەن، باسی یەکڕیزی نیشتیمانی ناکەن.

ئەمەش نیگەرانی دەخاتە ماڵی کوردییەوە، لە کاتێکدا پۆستەکان دابەش دەکرێت، شەڕێکی توندی سارد لەناو حزبەکان دروست دەبێت، وەک، پێش هەڵبژاردنەکان، هەڵمەتە میدیاییەکان تەیار دەکەنەوە بۆ گیانی یەکتری و جارێکی تر دۆخێکی نالەبار دروست دەکەنەوە بۆا هاولاتیانی هەرێمی کوردستان.