بەرپرسانی باڵای حکومەت، هەرێمیان بە کۆڵێک قەیرانەوە جێهێشت و بۆخۆیان خەریکی کەیف و سەفان

کوردستان

29/12/2021‌ 3159 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرەڕای خراپی گوزەران و دۆخی هاوڵاتیان، زۆرینەی بەرپرسانی هەرێم بۆ پشوی سەری ساڵ لە وڵاتانی دەرەوەن و بە ماڵ و منداڵەوە هەرێمیان جێهێشتووە، کەچی گەندەڵی و بەرزبونەوەی نرخی شتومەک و قەیرانەکان قەت پشوو وەر ناگرن و بەردەوامن.

دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ماوەی حەوت ڕۆژ پشوی بە بۆنەی سەری ساڵەوە ڕاگەیاند، لە ئێستادا زۆرینەی بەرپرسانی حزبی و حکومی هەرێم چوونەتە وڵاتانی دەرەوە بۆ بەسەربردنی پشووەکەیان و هاوڵاتیانی هەرێمیش بەدەست قەیرانە جۆراوجۆرەکانەوە نەک نەیانتوانیوە بۆ پشوی سەری ساڵ بچنە وڵاتانی دەرەوە، بەڵکو بە دیار کەمی غاز و نەبوونی نەوت و کارەبا و دواکەوتنی موچە و گرانبونی شتومەکەوە پشووەکانیان لە ماڵەوە بەسەر دەبەن.

بەشێک لە هاوڵاتیان پێیانوایە دیاریکردنی ماوەی هەفتەیەکی تەواو بۆ پشوی سەری ساڵ بێجگە لە خۆدزینەوەی حکومەت بۆ دابینکردنی موچەی مانگی دووازدە کە دەبوو لە ٢٥ مانگ دەست بە دابەشکردنی بکات، هاوکات خۆدزینەوەی بەرپرسانی باڵایە لەو هەموو نەهامەتی و قەیرانەی کە بەرۆکی هاوڵاتیانی هەرێمی گرتووە.

شار پرێس لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا پەیوەندی بە زیاتر لە دە بەرپرسی هەرێمەوە کردووە، هیچ لەو بەرپرسانە لە ناوخۆی هەرێم نەبوون، یان ژمارەی تەلەفۆنەکانیان داخراوە، یاخود وەڵامیان داوەتەوە و لە دەرەوەی هەرێم بوون.

چوونە دەرەوەی بەرپرسان و منداڵەکانیان بۆ پشوو وەرگرتن لە کاتێکدایە هێشتا برینی کەسوکاری قوربانییەکانی لافاوەکەی هەولێر و کەسوکاری پێشمەرگە شەهیدەکانی دەستی داعش و ئەو منداڵانەی کە لە بێ نەوتیدا خنکان کۆن نەبووە و ڕۆژانە بۆ دۆزینەوەی قوربانییە خنکاوەکانی لافاوەکەی هەولێر خەڵ هاواری لێ بەرزدەبێتەوە.

ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان پشووەکانی سەری سال لە هەرێم و چەند وڵاتێکی ئەوروپادا ئەوا بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوێت کە حکومەتی هەرێم چەند زیادەڕەوی لە پێدانی پشودا کردووە و ئەوەش دەریدەخات بەرپرسان تەنیا مەبەستیان خۆدزینەوەیە لە قەیران و دورخستنەوەی خۆیان و ماڵ و منداڵەکانیانە لەو هەموو نەهامەتییەی کە بۆ خەڵکی هەرێمیان دروستکردووە.

بە پێی زانیارییەکان لە هیچ وڵاتێکی ئەوروپا حەوت ڕۆژ پشوو بە بۆنەی سەری ساڵەوە ڕانەگەیەندراوە و تەنانەت لە فاتیکان کە ڕوگەی مەسیحییەکانی تەواوی جیهانە ئەوەندەی هەرێم پشوو ڕانەگەیەندراوە.

ئێستا کە زۆرینەی بەرپرسانی هەرێم و کچ و کوڕەکانیان لە وڵاتانی دەرەوەن و لە یانە شەوانەکان کاتەکانیان بەسەر دەبەن، خەڵکی هەرێم بە دیار هاتنەوەی کارەبا و پەیداکردنی بوتڵێک غازەوە کاتەکانیان بەسەر دەبەن و ئەوەی تاوەکو ئێستا پشووی وەر نەگرتووە گەندەڵی و بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک و نەبونی کارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و زیادکردنی باجە لەسەر هاوڵاتیان.