تراژیدیاکانی گەلانی عێراق لەرۆمانی مردووخانەکەی بەغدادا

مەلەفی تایبەت

02/01/2022‌ 1374 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ماوەی چەندین ساڵە عیراق گیرۆدەی جەنگ و حوکمی دیکتاتۆریی و تیرۆر و گەندەڵیی و کۆچ بۆتەوە، هەموو گەلانی عیراق، بەشێکیان لەم حکایەتە نەبڕاوەی کارەسات و ماڵوێرانییە بەردەکەوێت. لێرەدا ئەدەب قسەی خۆی هەیە و مامەڵەی جیاواز لەگەڵ ئەم رووداوانە دەکات و دەتوانێت بەشێوازێکی جوان و ئاسان، نەوەی داهاتوو، لەم کارەسات و ماڵوێرانە ئاگادار بکاتەوە، ئەمەش لەرێگەی نووسینی رۆمان و چیرۆک و شیعرەوە.

مایەی خۆشحاڵییە کە عیراق لەم چەند ساڵەی دواییدا، کۆمەڵێک قەڵەمی ئێجگار جوانی تێدا دەرکەوتووە، کە رۆمان و چیرۆکەکانیان، مایەی سەرنجی هەموو جیهانە. یەکێکیش لەو رۆماننووسە بەتوانایانەش بورهان شاوییە کە خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمی جوانە، یەکێکیش لە کارە جوان و گرنگەکانی « مردووخانەکەی بەغدا»یە، کە لەلایەن کاک حەمە رەشید کراوە بەکوردیی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپیکردووە.

نووسەر لە رۆمانێکی کورتدا، بەشێوەی فلاش باگ گەڕاوەتەوە باسی مێژووی 40 ساڵی پێشووی عیراق دەکات، ئەمەش لەرێگەی باسکردنی چیرۆکی پاڵەوانەکانییەوە کە ئەوانیش مردوون بەشێوەیەکی فەنتازیی زیندوو دەبنەوە و هەریەکەیان چیرۆکی پڕ ئازاری خۆی دەگێڕێتەوە. لێرەشدا واقیع و فەنتازییا بەشێوەیەکی ئەدەبی جوان تێکەڵ دەکات و کۆشكی رۆمانەکەی پێ دەڕازێنێتەوە.

بابەتی سەرەکی
ئەم رۆمانە باسی پاسەوانێکی مردووخانەکەی بەغدا دەکات کە ناوی « ئادەم»، کوڕێکی گەنج لەرێگەی ئەم کوڕە گەنجەشەوە گورزاشت لە ژیانی گەلانی عیراق دەکات بەتایبەتی گەنجان. ئادەم هەموو شەوێکی درەنگ دەچێتە ژوورەکەی خۆیەوە سەیری فیلمی سێکسی دەکات، ئەمەش دەبێتە بەشێكی خۆشی ژیانیی و لەرێگەی ئەم فیلمانەوە کەمێک ئاسوودە دەبێت. لێرەشدا باسی ئەو چەپاندنە دەکات، کە کۆمەڵی عیراقی پێوەی دەناڵێنێت لە رووی سێکسیی و پەیوەندیی خۆشەویستییەوە.

دواتر شەوێکیان لەژوورەکەیدا گوێی لە دەنگە دەنگێک دەبێت و دواتریش وا هەست دەکات کۆمەڵێک کەس لە ژوورەکەی نزیک دەبنەوە. پاشان دەچێتە دەرەوە بۆ ناو قاوشەکان، دەبینێت مردووەکان زیندووبوونەتەوە و پێکەوە قسە دەکەن. هەر مردوویەش حکایەتی چۆنێتی مردن خۆی دەگێڕێتەوە. لێرەشەوە فەنتازیا تێکەڵی واقع دەبێت، زیندووکردنەوەی مردووەکان بەشێوەیەکی فەنتازیی، بۆ باسکردنی واقعی ناخۆشی عیراقە، ئەمەش لەرێگەی حکایەتی پاڵەوانەکانییەوە دەبێت. لەهەمووشی سەیرتر هەموو پاڵەوانەکانی ناو رۆمانەکە پیاوان ناویان «ئادەم» ەو ژنانیش ناوی «حەوا» ی بۆ هەڵبژاردوون. لەمەشدا پەیامێکی تری نووسەر دەردەکەوێت، کە ئەوەش مانای ئەوە دەگەیەنێت بە یەک چاوی سەیری هەموو قوربانییەکان دەکات. کۆتایی رۆمانەکەش بە شێوەیەکی فەنتازیی تەواو دەبێت، کاتێک ئادەمی پاسەوانیش دەمرێت و دەچێتە ریزی مردووەکانی ناو مردووخانەکە، خۆشی باوەڕ ناکات و نازانێت ئایا زیندوویە یان مردووە.

جگە لەوەش مەسەلەکانی سێکس و خۆشەویستیی، بابەتێکی تری گرنگی ئەم رۆمانەن، نووسەر لەرێگەی ئادەمی پاسەوانەوە، زۆر بەووردی باسی ئەو لایەنە و کێشەکانی تری کۆمەڵگەی عیراقی دەکات.

شێوازی نووسین
خاڵی هەرە بەهێزی ئەم رۆمانە شێوازی نووسینی رۆمانەکەیە، نووسەر هەوڵیداوە لەرێگەی بەکارهێنانی شێوازی «ماگی-ریالیزیم، واقعی ئەفسووناوی» رۆمانەکە بنووسێت، ئەمەش جۆرێکی ئێجگار جوان و چێژبەخشی شێوازی نووسینی رۆمانە. لەلایەکەوە نووسەر باسی واقعی ژیان دەکات، بەڵام شێوازی فەنتازیش بەکاردەهێنێت بۆ باسکردنی حکایەتەکەی. ئەمجۆرە نووسینەش کەم نووسەر دەتوانن سەرکەوتووبن تێیدا. لەهەمووشی گرنگتر نووسەر کۆمەڵێک حکایەتی جۆراوجۆری خستۆتە ناو ئەم رۆمانەوە، هەر پاڵەوانە و باسی حکایەتێک دەکات، ئەمەش چێژی زۆر بە خوێنەر دەبەخشێت، رۆمانەکە تەنها لە بازنەی یەک چیرۆکدا ناخوولێتەوە.

مەرگ و مرۆڤ و ژیان
مرۆڤ دەبێتە ناوەندی سەرەکی ئەم رۆمانە و کێشەکانی لەپێش هەمووشیانەوە پرسی «مەرگ و ژیان». ژیانی رۆژانەی ئادەمیش لەگەڵ مردووەکاندا، وای لێدەکات جۆرێکی تر سەیری مرۆڤ و جەستەی بکات. لە زاری ئادەمی پاسەوانەوە دەڵێت: مرۆڤ جگە لە لاشەیەکی بۆگەنی جووڵەکەر شتێکی دی نییە، بەڵام مەتەڵەکە لە هەناسەی ژیاندایە، یان ئەوەی پێی دەوترێ رۆح، بیری لە رۆح دەکردەوە، دڵنیا بوو لەوەی کە رۆح خەسڵەتی راستەقینەی مرۆڤە، بۆیە کاتێک رۆح نامێنێت، ئیدی جگە لە جەستەیەک کە لە ناوەو بۆگەن و دزێوە، شتێکی دی نامێنێتەوە. ل 23

تراژیدیای ژنانی عیراق
بە حوکمی خراپی ژیان و کارەساتە زۆرەکان کە بەسەر گەلانی عیراقدا هاتووە، ژنان دەبنە قووربانی یەکەم، هەرچەندە ئەوانیش هیچ دەسەڵاتێکیان لەم کارەساتانە نەبووە کە پیاوان خوڵقاندوویانە. نووسەر لەرێگەی گێڕانەوەی حکایەتی کۆمەڵێک ژنەوە باسی تراژیدیای ژیانی ژنانی عیراق دەکات، کە چۆن بەهۆی ستەمی سیستمی کۆمەڵایەتیی و سیاسییەوە، ژیانیان بۆتە دۆزەخێکی گەورە. یەکێک لە حکایەتە پڕ ئازارەکانی ناو رۆمانەکە، کاتێک باسی کوشتنی کچێکی لادێی 18 ساڵ دەکات بە دەستی برا بچووکەکەی، کاتێک کچەکە سێ مانگ سووڕی خوێنی دوادەکەوێت و لەپڕێکدا سکی دەئاوسێت، خێزانەکەی گومانی دووگیانبوونی لێدەکەن، هەرچەندە کچە داماوەکە هەوڵ دەدات خێزانەکەی دڵنیا بکاتەوە کە هیچ پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ کەس نەبووە، بەڵام خێزانەکەی باوەڕ ناکەن و برا بچووکەکەی بە چەقۆ خوشكە گەورەکەی دەکوژێت، دواتر دکتۆرەکان کاتێک توێكاری بۆ جەستەکەی دەکەن، بۆیان دەردەکەوێت کە کچەکە راستی کردووەو بە کچێتی ماوەتەوە هۆکاری ئاوسانی سکیشی دەگەڕێتەوە بۆ تێکچوونی رەحم و هەوکردنی هێڵکەدانی. ل22

تیرۆر و تەقینەوەکان
بابەتێکی گرنگی تر مەسەلەی تەقینەوە و کردەوە تیرۆریستییەکانە، کە لە سەرەتای پرۆسەی ئازادکردنی عیراقەوە، رۆژانە ئەم تەقینەوانە روویان دەدا و لەمەشدا تەنها خەڵکی بێتاوان دەبوونە قووربانی. نووسەر زۆر بەجوانی ئەمەی دەرخستووە، فەسڵێکی بەناوی «رۆژێکی زۆر ئاسایی عیراقییەک» نووسیوە، تێیدا باسی تەقینەوەیەک دەکات کە 5 ژن دەکوژرێن و دەیانهێنن بۆ مەیتخانە، نووسەر بۆیە ئەم ناوەی بۆ ئەم فەسڵە داناوە، تاوەکو باسی تراژیدیای عیراقییەکان بکات، کە چۆن گیریان بەدەست تەقینەوەی خۆکوژییەوە خواردووە، قوربانیی سەرەکی ئەم کردەوانەش خەڵکی ئاسایی بوون.

لەکاتی زیندووبونەوەی تەرمەکاندا هەریەکە باسی ژیانی خۆی دەکات بۆ نموونە حەوا هانۆڤەری باسی ژیانی خۆی دەکات، کە چۆن باوک و خاڵی لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەکوژرێن پاشانیش لەگەڵ دایکیدا ئاوارە دەبن و دواتریش شوو دەکات و لەگەڵ مێردەکەیدا دەچن بۆ ئەڵمانیا، پاشان برای مێردەکەی دەیەوێت پەلاماری بدات، مێردەکەی پێیدەزانێت و دواتریش لە ئەنجامی دەمەقاڵێ و جەنگدا، مێردەکەی بەدەستی براکەی خۆی دەکوژرێت. پاشان دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ عیراق، دێتەوە بەغداو رۆژێکیان تەقینەوەیەک دەبێت، ئەمیش بەو شوێنەدا دەڕوات و دەبێتە قوربانی. لێرەدا نووسەر توانیویەتی ئەوە بۆ خوێنەر دەربخات، ئەوانەی کە رۆژانە دەبوونە قوربانیی بەهۆی کردەوە تیرۆریستییەکانەوە، وەکو هەموو مرۆڤەکانی تر، دڵیان بە ژیان خۆشبووەو هەریەکەشیان خاوەنی حکایەتێک و خەونی تایبەت بە خۆی بووە.

پاشانیش لەرێگەی کۆمەڵێک ژنی ترەوە کە هەر هەموویان ناوی «حەوا»ی بۆ هەڵبژاردوون، هەریەکەیان باسی حکایەتێکی خۆی دەکات و لەرێگەی ئەمانیشەوە تیشکی خستۆتە سەر ئەو تراژیدیا گەورەیەی کە بەسەر ژیانی ژنانی عیراقدا هاتووە.

قوربانیانی دەستی رژێمی سیاسی
خاڵیکی گرنگی تر لەم رۆمانە دەرخستنی هەموو ئەو ئازار مەینتەییانەیە کە تەواوی چین وتوێژ و نەتەوە و ئاینەکانی عیراق، بەدەستی رژێمی بەعس و ئەوانی دوای ئەویش چەشتوویانە. نووسەر هەوڵیداوە باسی ئەو کارەسات و مەینتییە گەورانە بکات کە رژێمی بەعس بەسەر گەلانی عیراقدا هێناویەتی لەپێش هەموویانەوە جەنگی ئێران و کوێت و ئەمریکا. پاشان زۆر بەجوانی هاتووە باسی سیاسەتی ترس و تۆقاندنی رژێمی بەعس دەکات، چۆن عیراقی کردبووە زیندانێکی گەورە بۆ هەموو گەلانی عیراق. دواتریش باسی گەندەڵییەکانی دەسەڵاتی نوێی عیراق دەکات، نووسەر هەروەک چۆن رەخنەی توندی لە رژێمی بەعس گرتووە، بەهەمانشێوەش رەخنە لە دەسەڵاتی سیاسی نوێی عیراق دەگرێت و گەندەڵیی و ستەم و زۆرەکانی دەرخستووە.

دوا قسە
نووسەر توانیویەتی لەرێگەی رۆمانێکی بچووکەوە، کۆمەڵێک پەیامی گەورە بە خوێنەر پێشكەش بکات، لەهەمانکاتیشدا بەشێوەیەکی پانۆرامایی، باسی مێژووی رووداوەکانی عیراقی کردووە. لەمەشدا درێژدادڕیی نەکردووە و هەوڵیداوە بە کورتی باسی هەموو شتەکان بکات. ئەمەش زیرەکیی و بلیمەتی نووسەر دەردەخات.

سەرچاوە:
بورهان شاوی. مردووخانەکەی بەغدا. وەرگێڕانی : حەمە ڕەشید. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. سلێمانی. 2020