تاڵیبان مەرجێکی نوێ بەسەر دووکاندارەکاندا دەسەپێنێت

جیهان

07/01/2022‌ 2812 جار خوێندراوه‌ته‌وه


دەسەڵاتدارانی تاڵیبان ڕێنماییەکی نوێیان بۆ شێوازی کارکردنی خاوەنی دوکانی پۆشاک و جلوبەرگ لەو وڵاتە داناوە، کە ئەویش لێکردنەوەی سەری هەموو ئەو بوکەڵە پلاستکیانەیە کە بۆ نمایشکردنی جلوبەرگ لەناوەوە و دەرەوەی دوکانەکاندا دانراون، لەبەرئەوەی بەبۆچوونی ئەوان بوونی ئەو بووکەڵانە بەوشێوەیە پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلامە و ڕێگەی پێنادرێت.


دەرکردنی ئەو فەرمانە نوێیە دەچێتە پاڵ ئەو زنجیرە ڕێکارانەی تری بزووتنەوەی تاڵیبان لەدوای گرتنەدەستی دەسەڵات لە ئەڤغانستان بۆ کەمکردنەوەی ئازادییە گشتییەکان بەسەر هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەیدا دەسەپێنن، بەتایبەت سنووردارکردنی ئازادییەکانی ئافرەتان.

لەوبارەیەوە، عەزیز عەبدولرەحمان، سەرۆکی فەرمانگەی فەرمانکردن بە چاکە و نەهیکردن لە خراپە لە ویلایەتی هیرات ،کە سێیەم گەورە شاری ئەڤغانستانە و ژمارەی دانیشتوانەکەی 600 هەزار کەس دەبێت بە ئاژانسی فڕانس پرێسی وتووە، داوامان لە دوکاندارەکان کردووە سەری ئەو بوکەڵانە لێبکەنەوە کە بۆ نمایشکردنی جلوبەرگ دایانناون، لەبەرئەوەی پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلامە.

بە وتەی ئەو، هۆکاری دەرکردنی ئەو فەرمانە بۆئەوە دەگەڕێتەوە، کە بەوجۆرە نمایشکردنەی ئێستای بووکەڵەکان فریشتەکانی خوا نایەنە دووکانەکانیان یان ماڵەکانیان بۆئەوەی بەرەکەتی خوای گەورەیان بۆ بێنێت، جەختیشی کردووەتەوە، کە دوکاندارەکان بەڵێنیانداوە کە ڕێنماییەکە جێبەجێ بکەن.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی