هاتنی سوپای ڕوسیا بۆ کازاخستان خەونی بونیادنانی "تۆرانیزمی گەورە"ی تورکەکان لەباردەبات؟

مەلەفی تایبەت

11/01/2022‌ 1380 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "سڤۆدنایا بریسا"ی ڕوسیی ڕاپۆرتێکی لەسەر خۆپیشاندان‌و نائارامییەکانی ئەمدواییەی وڵاتی کازاخستان‌و هاتنی هێزەکانی ڕێکخراوی "پەیماننامەی ئاسایشی بەکۆمەڵ" بۆ کازاخستان  بەمەبەستی پاراستنی ڕژێمی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە باسکردوە، هەروەک ئاماژەی بەوەشکردوە، چۆن بەهاتنی ئەو سوپایە، خەونی چەندین ساڵەی تورکیا بۆ فراوانکردنی هەژمون‌و دروستکردنی تۆرانیزمی گەورە کە وڵاتانی تورک زمان لەخۆبگرێت، لەباردەبات.


لەبابەتەکەدا هاتوە، "بەرامبەر ئەو کاردانەوە زۆرانەی لەسەر ڕوداوەکانی کازاخستان پیشاندران، کاردانەوەی تورکیا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، لەبەرئەوەی لانیکەم لەماوەی دوو دەیەی ڕابردودا، ئەنکەرە کاری لەسەر فراوانکردنی هەژمونی خۆی لەکازاخستان کردوە، بۆئەوەش بەشێوەیەکی فراوان وەبەرهێنانی ئابوریی تێداکردوەو لەڕێگای ڕێکخراوی وڵاتە تورکییەکانەوە دزەکردنی بۆناو ژیانی سیاسیی ئەو وڵاتە زیادکردوە، ئێستاش کاتێک هێزە چەکدارەکانی سەر بەڕێکخراوی پەیماننامەی ئاسایشی بەکۆمەڵ بۆ سەقامگیرکردنی دۆخی دەچێتە ناو کازاخستان، ڕەنگە ئەمە هەموو ئەو ساڵانە لەهەوڵی تورکیا بەبا بدات".

ڕۆژنامەکە هەروەک دەڵێت:"ئێستا لەهەموکات زیاتر هەستی ژیاندنەوەی سەروەرییەکانی ڕابردوو لەناو کۆمەڵگەی تورکیدا بەهێزە، بەشێوەیەک ژمارەیەکی زۆر لەڕێکخراوو جوڵانەوەی جیاواز بەرگریی لەبیرۆکەی ژیاندنەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی دەکەن".

هەروەک هاتوە، "لەکازاخستان لەم ماوەیەدا تورکەکان بەڕونی ویستیان دەستتێوەردان بکەن، ڕەنگە ئەگەر هاتباو وڵاتەکە توشی شەڕو شۆڕو بێسەرەوبەرەیی بوایە ئەوەیان بۆ بهاتبایەتەدی، بەڵام بەهاتنی هێزە ئاشتی پارێزەکانی ڕوسیاو ڕێکخراوی پەیماننامەی ئاسایشی بەکۆمەڵ ئەو دەرفەتە جیۆسیاسیەی بۆ فراوانخوازیی لەئاسیای ناوەند لەدەست ئەنکەرەدا".

ڕۆژنامەکە سەبارەت بەوەی کە ئایا هاتنی هێزەکانی ڕوسیا بۆ کازخستان کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو ڕوسیا دەبێت، وتویەتی:"ئەنکەرە هیوای ئەوەی دەخواست لەو بارودۆخەکەدا لەجێگای ڕوسیا بوایە، بەڵام تورکەکان دەترسن بەئاشکرا دژ بەڕوسیا بوەستنەوە، بەڵام ئەگەربێت‌و ڕوسیا لاوازبێت، تورکیا ئەوە نەوەک هەر لەئاسیای ناوەند، بەڵکو دەستتێوەردان لەقرم‌و قەوقازیشدا دەکات".

و: ئاکۆ ئاڵی