بارزانى و بەرهەم ساڵح لەگەڕی سێیەمى یارییەکەدان

کوردستان

18/01/2022‌ 2552 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ململانێیەک کە هۆکارەکەی شاراوەیەو هەرجارەو هۆکاریكی لاوەکی دەخرێتەڕوو کە بۆ چاودێران بڕواهێنەر نییە.جارێک بارزانی و جارێک بەرهەم سالح یاریەکەیان بردۆتەوەو کورد وتەنی ئەمجارە یاری وردە ور دەکەن.

دکتۆر بەرهەم سالح سەرۆککۆماری ئێستای عێراق کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەو  هەم خۆی هەم حزبەکەی مەبەستیانە بۆ جارێکی تر ببێتەوە سەرۆککۆماری عێراقی فیدراڵ.

پارتی بە هەموو توانایەوە هاتۆتە مەیدان و دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت ڕێگە نەدات بەرهەم سالح ببێتەوە سەرۆککۆماری چوار ساڵی داهاتووی وڵات.

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، خۆی سەرپەرشتی ئەو هەڵمەتە دەکات کە لە دژی دکتۆر بەرهەم دەستی پێکردوەو مەبەستیەتی ئەو شەڕە لە دکتۆر بەرهەم بباتەوەو دەستی بە زەویدا بدات.

ئەم یاریەی نێوان بارزانی و بەرهەم سالح یاری یەکلاکەرەوەو کورد وتەنی یاری ورە ورە، چونکە لە دوو خولی رابردودا جارێک بارزانی توانیوتیەتی یاریەکە بباتەوەو جارێکیش بەرهەم سالح بە توندی دەستی بارزانی بە زەویدا داوە.

لە ساڵێ ٢٠١٤دا هەر وەک ئێستا ململانێی توند هەبوو لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار و بەرهەم سالح وەک کاندیدی حزبەکە خۆی ئامادەکردبوو بۆ چونە سەر کورسی سەرۆکایەتی، بەڵام پارتی ئەو کاتیش هێلێ سوری هێنابوو بە ژێر ناوەکەیداو یەکێتی ناچارکرد چەند کاندیدێکی تریش بنێرێتە پەرلەمان و لە نێو فراکسیۆنە کوردیەکان یەکێکیان هەڵبژێرن و پێکەوە پشتیوانی لەو کاندیدە بکەن کە دەنگی زۆرینە بەدەستدەهێنیت.

بەشێک لە سەرچاوەکان و چاودێرانی دۆخی ئەوکات دەلێن پارتی و بارزانی لەگەڵ دکتۆر بەرهەم سالح گەشتبونە لێکتێگەیشتن و بەڵێنیان پێی دابوو لە نێو فراکسیۆنە کوردیەکان دەنگی خۆیانی پێبدەن، بەلام دوایی ئەنجامەکان وا کەوتنەوە کە دکتۆر بەرهەم سالح نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت.

پارتی لە ژێرەوە بە هەموو توانایەوە لۆبی  بۆ دکتۆر فواد مەعسوم کرد و دەنگی پەرلەمانتارەکانی خۆی پێداو لەگەڵ یەکێتی کردیانە کاندیدی هاوبەشی کورد و لە نیو هۆڵی پەرلەمان توانیان نازناوی سەرۆککۆماری چوارساڵی بۆ بەدەستبهێنن.

شارەزایان و چاودێران پێیان وایە پارتی یارییەکی شارەزایانەی بەرامبەر دکتۆر بەرهەم کردو پەرتەوازەیی و لاوازیی نێو ماڵی یەکێتیان قۆستەوەو توانیان درز بخەنە نێو ئاراستە جیاوازەکان و توانای بڕیاردانیان قورس بکەن و لە نێو فراکسیۆنە کوردیەکان بابەتەکە یەکلایی بکەنەوە بۆ ئەوەی ئامانجی خۆیان بپێکن.

چوار ساڵ دوای ئەوەو لە ساڵی ٢٠١٨ دا جارێکی تر یەکێتی دکتۆر بەرهەمی کاندیدکردەوە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و وەک تاکە کاندید رایانگەیاند، دیسانەوە پارتی و خودی بارزانی کەوتنەوە دژایەتی و نارەزایی بەرامبەر دکتۆر بەرهەم و بە یەکێتییان وت بە هیچ جۆرێک رازی نابن بەرهەم ساڵح بچێتە سەر کورسی فەرمانرەوایی وڵات.

یەکێتی گویێ بۆ داواکانی پارتی نەگرت و سور بوو لەسەر سەرخستنی کاندیدەکەی و پێداگر بوو لەوەی کە مافی خۆیەتی هەرکەس بکاتە سەرۆککۆماری چوار ساڵی داهاتوو.

پارتی جارێکی تر هەمان سیناریۆ و شێوازی دیاریکردنی بۆ کاندیدەکان خستەوە بەدەم یەکێتی و مەبەستی بوو دیسانەوە لە نێو فراکسیۆنە کوردەیەکان بە هەڵبژاردن کاندیدەکە دیاری بکرێت، بەڵام یەکێتی ڕەتی کردەوەو نەچوە ژیر باری داواکانی پارتی و بارزانی، بارزانی بەفەرمی و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا کاندیدێکی تایبەتی خۆی ڕەوانەی بەغداد کرد و بە یەکێتی و بەرهەم ساڵحی وت ئیدی کاتی ئەوەیە خۆم یاریەکە یەکلایی بکەمەوەو سەرۆککۆماری چوارساڵی ئایندە دیاری بکەم.

فراکسیۆنە کوردیەکان بە پەرتەوازەیی و بە دوو کاندیدی جیاوازەوە چونە بەردەم دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و دەنگی ئەندامانی پەرلەمان.
سەرەنجام دکتۆر بەرهەم سالح بە جیاوازیەکی زۆر توانی سەربکەوێت بەسەر کاندیدەکەی بارزانیداو پشتی بارزانی لە زەوی بدات.

ئەم سەرکەوتنەی بەرهەم سالح پارتی تەواو نیگەران و توڕە کرد و بۆ ماوەی دوو ساڵ بە تەواوی بایکۆتی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ کرد و هیچ مامەڵەیەکیان لەگەڵ نەکرد، سەرەنجام روداوەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان وایان خواست کە لە هەولێر فەرشی سوری بۆ ڕابخەن و پێشوازیی لێبکەن و لەسەر داوای ئەو چەند جارێک کۆبونەوەی سەرۆکایەتیەکانی هەرێم و حزبە سیاسیەکان بەرێوە بچێت.

دروست بونەوەی ئەم پەیوەندیانە ئاهێکی بەبەر دۆخی سیاسی هەرێمدا هێنایەوەو چاوەکان هەموو لەسەر ئەوەبوون کە چیدی ئەو ململانێ توندە نەمێنێت کە لەنێوان بارزانی و بەرهەم سالحدا هەبوە.

بەڵام بۆ جارێکی تر و لە دوای هەلبژاردنی ١٠ی ئۆکتۆبەری سالی رابردودا کە یەکێتی باسی لە کاندیدکردنەوەی بەرهەم سالح کرد، جارێکی تر پارتی و بارزانی نیگەران بونەوەو دژایەتی خۆیان بۆ ئەوکارەی یەکێتی راگەیاند و هەموو هەوڵیان خستە گەڕ بۆ ئەوەی ناوبراو نەبێتەوە کاندیدی حزبەکەی.

هەر لەسەرەتاوە تا ئێستا پارتی چەند هۆکارێکی باسکردوە بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات دکتۆر بەرهەم سالح بێتەوە سەرۆککۆماری چوارساڵی داهاتوو، کە دیارترین هۆکارەکان لای پەرتی ئەوەیە بانگەشەی ئەوە دەکەن دکتۆر بەرهەم هۆکاری لەدەستدانی دوو کورسی پەرلەمانییە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و پێیان وایە بە هەوڵی ناوبراو ئەو دوو کورسیە لە پارتی وەرگیراوەتەوەو دراوەتە یەکێتی.

ئێستا پارتی دکتۆر هۆشیار زێباری کاندیدکردوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار و یەکێتیش دکتۆر بەرهەم.
ململانێی توند و هەندێک جار گرژیش لە نێوان هەردوو حزبدا ڕودەدات لەسەر داهاتوی ئەو پۆستەو ئەو کەسەی کە شیاوی ئەوەیە ببێتە سەرۆککۆماری عێراق بۆ چوارساڵی داهاتوو.

بەرهەم سالح خاوەنی پەیوەندیەکی باش و بەهێزی نێو خۆیی و دەرەکییەو پشت ئەستور بە تواناو لێهاتویەکانی بە پشتیوانی حزبەکەی خۆی ئامادەکردوە بە ئیرادەوە ڕوبەڕوی پارتی و بارزانی ببێتەوەو پارتیش بە پشت ئەستور بە ڕێککەتنەکەی لەگەڵ سەدر و حەلبوسی و هاوپەیمانەکانی خۆی سازداوە بۆ بردنەوەی یاریەکەی لە بەرهەم سالح.

ئەگەر چی ژمارەیەک لە کەسایەتی تر چ لە نێو هێزە کوردیەکان و چ وەک کاندیدی سەربەخۆ خۆیان ئامادەکردوە بۆ چونە نێو ململانێکەوە، بەڵام چاوەکان هەموو لەسەر پارتی و یەکێتی و هەردوو کاندیدەکانیانە بۆ ئەوەی بزانن ئاخۆ گەڕی سێیەمی یاریەکەی بارزانی و بەرهەم سالح بە بردنەوەی کامیان کۆتایی دێت.